چیا ئەحمەدنەژاد، کاسبکاری خەڵکی پیرانشار بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕژیم گیانی لەدەستدا.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی شەممە ٢٩ خەرمانانی ١٤٠٤، چیا «خدر» ئەحمەدنەژاد کاسبکاری تەمەن ٤٢ ساڵ خەڵکی پیرانشار بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بە بیانووی هەڵگرتنی کاڵای قاچاخ ڕاوەدوونانی ئەم کاسبکارەیان تا گوندی «زیویە»ی سەربە شاری پیرانشار کردووە و بە سێ گوللەی جەنگی ناوبراویان کوشتووە و تەرمەکەیان بەجێهێشتووە.
شایانی باسە تەرمی ئەم هاوڵاتییە پاش چەندین کاتژمێر لەلایەن خەڵکی ناوچەکە دۆزرایەوە و ئێوارەی ڕۆژی شەممە ئەسپەردەکراوە.
چیا ئەحمەدنەژاد، خێزاندارە و باوکی سێ منداڵە.
بەپێی ڕاپۆرتی تۆمارکراو لە کۆڵبەرنیوز، لە ساڵی ١٤٠٣دا، بە کۆی گشتی ١٨٣ لە ناوچە سنوورییەکان و ڕێگاکانی نێوان پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان و کرماشان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕژیم، ڕنوو و سەرما، کەوتنەسەر مین، کەوتنەخوارەوە لە شاخ و بەرزایی و ڕووداوی دیکە کوژران و بریندار بوون. لەم هەژمارەدا ٥٢ کۆڵبەر واتە (٢٨٪) کوژران و ١٣١ کۆڵبەر واتە (٧٢٪) برینداربوون. لە کۆی گشتی ١٨٣ کۆڵبەر کە لە ساڵی ١٤٠٣دا کوژراو و بریندار بوون، ١٤٣ حاڵەتیان واتە (٧٨٪) بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکانی ڕژیم ئەنجام دراوە. لە کۆی گشتی ١٨٣ کۆڵبەر کە لە ساڵی ١٤٠٣دا کوژراو و بریندار بوون، ١١ کەسیان واتە (٦٪) منداڵانی کۆڵبەری ژێر ١٨ ساڵ بوون کە یەک لەوان بەهۆی سەرمابردووییەوە گیانی لەدەستداوە.