مەهاباد؛ گیان لەدەستدانی زیندانییەکی سیاسی هاوکات لەگەڵ ڕۆژی ئازادبوونیدا

قادر ڕەسوڵ پوور، زیندانی سیاسی، ڕۆژی هەینی ٢٧ی پووشپەڕی ١٤٠٤، تەنیا کاتژمێرێک پێش ئازادبوونی لە زیندانی ناوەندی شاری مەهاباد، بە شێوەی گوماناوی گیانی بەختکرد. گیان لەدەستدانی ناوبراو لەکاتێکدا ڕوویداوە کە ماوەی شەش مانگی سزاکەی کۆتایی هاتبوو.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز و بەپێی لێدوانی سەرچاوەکانی بڕواپێکراو، بنەماڵەی ئەم زیندانییە پاش چەند کاتژمێر دواکەوتن لە ئازادبوونی ناوبراو، لەگەڵ بەرپرسانی زیندان پەیوەندیان کردبوو و پێیان ڕاگەیاندبوون کە قادر ڕەسوڵ پوور “لە کاتی خۆشۆردن و بەهۆی تەشەنوج” گیانی بەختکردووە.

بنەماڵە و کەسوکاری ئەم زیندانییە سیاسییە هەر نەخۆشیەکی زەمینەیی و کێشەی جەستەیی ڕەتدەکەنەوە. ئەوان دەڵێن قادر ڕەسوڵ پوور دوو ڕۆژ پێشتر لە بینینی بنەماڵەکەیدا، بە ڕۆحیەیەکی باش لە ئازادیی خۆی قسەی کردبوو. تەرمی ناوبراو بۆ پزیشکی یاسایی شاری ورمێ گواسترایەوە و بنەماڵەکەی داوای ڕوونکردنەوەی هۆکاری گیان لەدەستدانی ناوبراو دەکەن.

قادر ڕەسوڵ پوور، تەمەن ٥٣ ساڵ و خەڵکی شاری مەهاباد بوو. ناوبراو پێشتر لە نێوان ساڵانی ١٣٦٣ و ١٣٦٩ پێشمەرگەی کۆمەڵە بوو و بە هەمان هۆکار، دوای چەند ساڵ بە هەشت ساڵ زیندان سزادرا. قادر ڕەسوڵ پوور بە گشتی نزیکەی نۆ ساڵ لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامی زیندانی کرابوو، لە نوێترین دۆخدا، ڕۆژی شەمە بیستی ڕێبەندانی ١٤٠٣، بەهۆی هێرشی هێزەکانی ڕژیم بۆ ماڵەکەی لە گەڕەکی پشت تەپ لە شاری مەهاباد دەستگیرکرا.

تۆمەتی فەرمی ناوبراو “بانگەشە دژی ڕژیم” ڕاگەیەندرابوو و دادگا لە کۆتاییدا ناوبراوی بە شەش مانگ زیندانی تەعزیری سزادا، سزادانێک لە ڕۆژی گیان لەدەستدانیدا، بە فەرمی کۆتایی هاتبوو.

هێشتا ناوەندەکانی دادوەری و زیندانی شاری مەهاباد کاردانەوەی فەرمی بۆ گیان لەدەستدانی گوماناوی ئەم زیندانییە سیاسییە نەبووە.

کۆڵبەرنیوز

Next Post

گواستنەوەی ئەسعەد سەدیقی بۆ گرتووخانەیەکی ئەمنی لە شاری سنە

د جولای 21 , 2025
ئەسعەد سەدیقی، هاووڵاتی شاری سەقز، بۆ گرتووخانەیەک لە شاری سنە گواسترایەوە. بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی یەکشەمە ٢٩ی پووشپەڕی ١٤٠٤، ئەسعەد سەدیقی، ئەندامی کۆمەڵەی شاخەوانی «هەڵۆ» لە شاری سەقز و دانیشتووی گوندی «کاوملە» لە شاری سەقز، بۆ لێپرسینەوە لەلایەن هێزەکانی ڕژیم بۆ گرتووخانەیەکی شاری سنە گواسترایەوە. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ئەم هاووڵاتییە […]

بابەتی پەیوەندیدار