ئیحسان هەمزەزادە، خوێندکارێکی تەمەن ١٧ ساڵ خەڵکی شاری بۆکان، بەهۆی بەشداری کردن لە ڕێوڕەسمەکانی نەورۆز، لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی یەکشەمە ٢١ی خاکەلێوەی ١٤٠٤، ئیحسان هەمزە زادە، خوێندکارێکی تەمەن ١٧ ساڵ و خەڵکی گوندی «قالوی»، دانیشتووی ناوچەی میراوا لە شاری بۆکان، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ئیحسان خوێندکاری پۆلی یازدەی ئامادەیی میعراج لە شاری بۆکان بووە. هۆکاری دەستبەسەر کرانی ناوبراو، بەشداری و ئامادەبوون لە ڕێوڕەسمەکانی نەورۆز ڕاگەیەندراوە.
بە گوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار؛ «هێزە ئەمنییەکان بە فێڵێک ناوبراویان بۆ کتێبخانەی گشتی شاری بۆکان بانگهێشت کردووە و لە نزیک ئەو شوێنە، چەند ئۆتۆمبێلی ئیدارەی ئیتلاعات دەستبەسەریان کردووە».
تا کاتی نووسینی ئەم ڕاپۆرتە، هیچ زانیارییەک لە شوێنی دەستبەسەرکران و چارەنووسی ئەم لاوە تەمەن ١٧ ساڵە بەردەست نییە.