خدر ڕەسوڵی و کچەکەی کلارا ڕەسوڵی، هاووڵاتییانی شاری مەهاباد، سەرەڕای تێپەڕینی سیازدە ڕۆژ لە دەستبەسەرکرانی، هێشتا لە گرتووخانەیەکی ئەمنی شاری ورمێ چارەنووسی نادیارە.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، خدر ڕەسوڵی و کچەکەی کلارا ڕەسوڵی هێشتا دەستبەسەرن. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ئەم باوک و کچە لە نۆزدەی پووشپەڕی ١٤٠٤، لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعات بەبێ بڕیاری دادوەر لە شاری مەهاباد دەستبەسەرکران. ئەوان دواتر بۆ گرتووخانەیەکی ئەمنی شاری ورمێ گواسترانەوە. ئەم هاووڵاتییانە لەم ماوەیەدا لە پەیوەندی تەلەفۆنی، بینینی بنەماڵە و پارێزەریان بێبەش بوون.
لەلایەکی دیکەوە، خدر ڕەسوڵی پێشتر دوو جار نەشتەرگەری دڵی بۆکراوە و هێشتا لە چاودێری پزیشک دایە. ناوبراو لەم ماوەیەدا لە دەرمانی پزیشکی بێبەش بووە، بڕیارێک کە بنەماڵە و کەسوکاری خدر ڕەسوڵی نیگەران کردووە. لەم ڕاپۆرتەدا لە سەرچاوەیەکی بڕواپێکراو وەرگیراوە؛ دەستبەسەرکرانی خدر ڕەسوڵی و کچەکەی کلارا ڕەسوڵی بەهۆی چالاکییەکانی سیاسی کوڕەکەیان، کارۆ ڕەسوڵی، دانیشتووی دەرەوەی وڵات ئەنجامدراوە.
تا کاتی نووسینی ئەم ڕاپۆرتە، تۆمەتەکانی دژی ئەم هاووڵاتییانە نادیارە.
خدر ڕەسوڵی، لەدایکبووی ١٣٣٥ و کلارا ڕەسوڵی، لەدایکبووی ١٣٦٧، خەڵکی شاری مەهابادن.