محەممەدکەریم ئەزەغ، کۆڵبەرێکی خەڵکی گوندی بڵبەری شاری سەوڵاوا، لە کاتی کۆڵبەریدا لە ناوچەی سنووریی نەوسوود بەهۆی وەستانی دڵەوە گیانی لەدەستدا.
بە پێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە ٣ی سەرماوەزی ساڵی ١٤٠٣، کۆڵبەرێک بەهۆی وەستانی دڵەوە لە کاتی کۆڵبەریدا لە ناوچەی سنووریی نەوسوود گیانی لەدەستدا. ناسنامەی ئەم کۆڵبەرە، “محەممەد کەریم ئەزەغ”، خەڵکی گوندی بڵبەری ناوچەی هەورامان سەر بە شاری سەوڵاوا، بۆ کۆڵبەرنیوز پشتڕاستکراوەتەوە.
محەممەد کەریم ئەزەغ خێزاندار و خاوەنی منداڵێکە.
بەپێی ئامارەکانی کۆڵبەرنیوز، لە ٦ مانگی یەکەمی ١٤٠٣دا، ١٤٢ کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکان و ڕێگاکانی نێوان پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان و کرماشان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕژیم، ڕنوو و سەرما، کەوتنەسەر مین، کەوتنەخوارەوە لە شاخ و بەرزایی و ڕووداوی دیکە کوژران و بریندار بوون. لەم ژمارەیە، ٣٦ کۆڵبەر (٢٥٪) کوژران و ١٠٦ کۆڵبەر (٧٥٪) بریندار بوون. لە کۆی ١٤٢ کۆڵبەر کە لە ٦ مانگی یەکەمی ١٤٠٣ کوژران و برینداربوون، ١٢٤ حاڵەتیان (٨٧٪) بە تەقەی ڕاستەوخۆ یان لێدان و ئەشکەنجەی هێزەکانی ڕژیم بووە. لە کۆی ١٤٢ کۆڵبەر کە لە ٦ مانگی یەکەمی ساڵی ١٤٠٣دا لە سنوورە جۆراوجۆرەکانی کوردستان کوژران و برینداربوون، ١٠ کۆڵبەریان منداڵی خوار تەمەن ١٨ ساڵن. بە بەراورکردنی ئاماری ٦ مانگی یەکەمی ١٤٠٣، لەگەڵ نیوەی یەکەمی ١٤٠٢، ئێمە شایەتی زیادبوونی ٦٧٪ی ڕێژەی کوژراو و برینداربوونی کۆڵبەران لە سنووری کوردستان بووین.