تاران؛ ١٧ ڕۆژ لە دەستبەسەرکران، بێ‌ ئاگایی تەواو و بڵاوکردنەوەی دانپێدانانی زۆرەملێ لە سینا کیانی

بە تێپەڕبوونی ١٧ ڕۆژ لە دەستبەسەرکرانی سەرەرۆیانەی «سینا کیانی»، گەنجی کوردی خەڵکی کرماشان و دانیشتووی تاران، خێزانی ناوبراو هێشتا لە بێ‌ ئاگایی تەواو لەبارەی ناوبراوەوە بەسەردەبەن و بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆی دانپێدانانی زۆرەملێ لە میدیا حکومییەکاندا، نیگەرانییەکانی سەبارەت بە ژیان، تەندروستیی جەستەیی و دەروونی و چارەنووسی ئەم گەنجە زیاتر کردووە.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، «سینا کیانی» ٢١ ساڵ، کرێکاری کوردی خەڵکی کرماشان و دانیشتووی تاران، ڕۆژی پێنجشەممە ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤، بەبێ پێشکەشکردنی بڕیاری دادوەر و بە شێوەیەکی تەواو سەرەرۆیانە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.

بەپێی سەرچاوەیەکی ئاگادار، لە کاتی دەستبەسەرکرانییەوە تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەبارەی شوێنی ڕاگرتن و بارودۆخی ئەم هاوڵاتییە لەبەردەست نییە و لە مافی پەیوەندی تەلەفۆنی، چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی و دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەش کراوە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە هەروەها رایگەیاند کە بنەماڵەی سینا کیانی تەنها لە ڕێگەی بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆی دانپێدانانی زۆرەملێ لە کەناڵە حکومییە پەیوەستەکان بە پلاتفۆرمی «ڕووبیکا»وە لە بارودۆخی منداڵەکەیان ئاگادار بوونەتەوە و هەر ئەم مەسەلەیە نیگەرانییەکانی سەبارەت بە بەکارهێنانی فشار، ئەشکەنجە، دیزاینکردنی سیناریۆی ئەمنی و ئەگەری دەرچوونی سزای سەخت دژی ئەم گەنجە کوردە یارسانە زیاتر کردووە.

تا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، هیچ دامەزراوەیەکی ئەمنی یان دادوەرانە سەبارەت بە شوێنی ڕاگرتن، بارودۆخی تەندروستی و تاوانەکانی دژی سینا کیانی وەڵامیان نەداوەتەوە.​​​​​​​​​​​​​​​​

کۆڵبەرنیوز

Next Post

کرماشان؛ گیانبەختکردنی محەمەد جەعفەری لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە

ی ژانویه 25 , 2026
«محەمەد جەعفەری»، هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی کرماشان، یەکێکی تر لە گیانبەختکردووانی نارەزایەتییە جەماوەرییەکان لەم شارەیە کە لە کاتی سەرکوتکردنی ناڕازییان، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕژیم گیانی بەختکرد. بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، «محەمەد جەعفەری» هاووڵاتییەکی ٤١ ساڵەی کوردی خەڵکی کرماشان، ئێوارەی پێنج‌شەممە ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤، لە کاتی نارەزایەتییە جەماوەرییەکانی ئەم شارە و لە […]

بابەتی پەیوەندیدار