
قازی کاوانی، کاسبکاری خەڵکی سەردەشت کە چەند شەو لەمەوبەر لە ئەنجامی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی لە ناوچە سنوورییەکان بەسەختی بریندار ببوو، دوای چەند ڕۆژ مانەوە لە نەخۆشخانە گیانی لەدەست دا.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ئێوارەی یەکشەممە ٢ی جۆزەردانی ١٤٠٥، «قازی کاوانی» کاسبکاری خەڵکی گوندی «دۆڵەتوو» سەر بە شاری سەردەشت، بەهۆی سەختی ئەو برینانەی کە لە ئەنجامی پێكانی ڕاستەوخۆی گوللـە بە سەری گەیشتبوو، لە نەخۆشخانەی مەهاباد گیانی لەدەست دا.
بەپێی زانیارییە گەیشتووەکان، ئەم کاسبکارە چەند شەو پێش ئێستا لە سنووری «جاسوسان» لە شاری سەردەشت کەوتبووە بەر دەستڕێژی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕژیم و بەسەختی بریندار ببوو. ناوبراو دوای گواستنەوەی بۆ ناوەندی دەرمانی و چەند ڕۆژ خەوێندران لە نەخۆشخانە، بەهۆی خراپیی دۆخی تەندروستییەوە گیانی لەدەست دا.
بەردەوامیی بەکارهێنانی چەکی سەنگین دژی کاسبکاران و کۆڵبەران لە ناوچە سنوورییەکان لە کاتێکدایە کە بەشێکی بەرچاو لەم هاووڵاتییانە بەهۆی نەبوونی دەرفەتی گوزەرانی جێگیر، ناچارن بژێوی ژیانیان لە ڕێگەی کارکردن لە هێڵی سنووریدا دابین بکەن. لە ساڵانی ڕابردوودا، تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕژیم بە پاساوی بەرەنگاربوونەوەی گواستنەوەی کاڵای قاچاق، چەندین جار بووەتە هۆی کوژران و برینداربوونی هاووڵاتییانی کورد لە ناوچە سنوورییەکاندا.
بەپێی ئامارە تۆمارکراوەکانی “کۆڵبەرنیوز”، لە ساڵی ١٤٠٤، بەگشتی ٥٧ کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکان و ڕێگاکانی نێوان پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژاوا، کوردستان و کرماشان، بەهۆی هۆکارگەلێکی وەک تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕژێم، ڕەهێڵە و سەرماڕەقبوونەوە، چوونە سەر مین، کەوتنەخوارەوە لە شاخ و بەرزاییەکان و هۆکارەکانی دیکە، کوژراون و بریندار بوون. لەم ڕێژەیە ٢٦ کۆڵبەر (٤٦٪) کوژراون و ٣١ کۆڵبەر (٥٤٪) بریندار بوون.
لە کۆی ئەو ٥٧ کۆڵبەرەی لە ساڵی ١٤٠٤دا کوژراون و بریندار بوون، بەگشتی ٤٤ کۆڵبەر (٧٧٪) بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕژێم بووە. هەروەها لەم ژمارەیە، ٢ کۆڵبەر (٤٪) منداڵ کۆڵبەری تەمەن ژێر ١٨ ساڵ بوون، کە حاڵەتێکیان بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی پاسەوانی سنووری عێراق بووە و بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی ئەو منداڵ کۆڵبەرە.
سەرەڕای کەمبوونەوەی ٦٩٪ی کۆی گشتیی کوژراوان و برینداران لە ساڵی ١٤٠٤دا بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ١٤٠٣، ڕێژەی کوژراوەکان بۆ کۆی گشتیی قوربانییان لە ٢٨٪ەوە بۆ ٤٦٪ زیادی کردووە. ئەم گۆڕانکارییە نیشاندەری بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوە لە پشکی کوژراوەکان لە کۆی گشتیی قوربانییان و ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە ڕووداوەکان لە ساڵی ١٤٠٤دا کوشندەتر بوونەتەوە.
