بۆکان؛ بەردەوامیی دەستبەسەرکران و بێ ئاگایی لە چارەنووسی ئەستی محەمەدی، دایکی کەوسەر فەتاحی چالاکی سیاسی

لەگەڵ تێپەڕبوونی دوو هەفتە بەسەر دەستبەسەرکرانی ئەستی محەمەدی، هاووڵاتیی تەمەن ۶۷ ساڵانی خەڵکی بۆکان، هێشتا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس، شوێنی ڕاگرتن و دۆخی ناوبراو لەبەردەستدا نییە. بەردەوامیی بێ ئاگایی لە دۆخی ئەم هاووڵاتییە کە نەخۆشیی درێژخایەنی هەیە، نیگەرانییەکانی بنەماڵە و کەسوکاری زیاتر کردووە.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ئێوارەی دووشەممە ۲۱ی گوڵانی ۱۴۰۵، هێزەکانی ڕژیم بە بەکارهێنانی لانیکەم ۱۵ ئۆتۆمبێلی زرێپۆش و ئۆپەراسیۆنی، ماڵی بنەماڵەی ئەستی محەمەدی لە شاری بۆکان گەمارۆدا و دوای خوڵقاندنی کەشێکی ئەمنی و تۆقاندن، دەستبەسەریان کرد. هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لە کاتی ئەم هێرشەدا، لەگەڵ پشکنینی فراوانی ماڵەکە، بەشێک لە کەلوپەلە تایبەتییەکانی وەک ئەلبوومی وێنە و کتێبەکانیان بردووە و هەروەها تەلەفۆن و لاپتۆپی هاوسەر و منداڵەکەشیان دەستبەسەردا گرتووە.

ئەستی محەمەدی، دایکی کەوسەر فەتاحی، یەکێک لە ئەندامانی کادری ڕێبەریی حزبی کۆمەڵەی کوردستانی ئێران و هەروەها کاوە فەتاحی، چالاکی سیاسی دانیشتووی ئەوروپایە. بەپێی زانیارییە گەیشتووەکان، ناوبراو دوای دەستبەسەرکرانی بۆ یەکێک لە گرتووخانەکان لە ورمێ گواستراوەتەوە، بەڵام سەرەڕای تێپەڕبوونی دوو هەفتە، بنەماڵەکەی هێشتا لە شوێنی وردی ڕاگرتن و دۆخی ناوبراو بێئاگان. لەم ماوەیەدا تەنیا یەک پەیوەندیی تەلەفۆنیی کورتی نزیکەی ۳۰ چرکەیی لەگەڵ بنەماڵەکەی ئەنجام دراوە.
بەپێی زانیارییە بەردەستەکان، ئەستی محەمەدی بەهۆی تەمەنی پیری و پێویستیی بەردەوامی بە بەکارهێنانی دەرمان، پێویستی بە چاودێریی پزیشکیی ڕێکخراو هەیە. ئەم هاووڵاتییە نەخۆشیی دڵ و پەستانی خوێنی هەیە و بەردەوامیی بێبەشبوونی لە خزمەتگوزارییە چارەسەرییەکان و ڕاگرتنی لە دۆخێکی نادیاردا، نیگەرانییەکانی سەبارەت بە تەندروستی و دۆخی جەستەیی ئەو زیاتر کردووە.

کۆڵبەرنیوز

Next Post

مەهاباد؛ دەستبەسەرکردنی سەرەڕۆیانەی مەنسوور عەباسی، ئەحەد خەیری و واحید خەیری و گواستنەوەیان بۆ شوێنێکی نادیار

د مه 25 , 2026
«مەنسوور عەباسی»، «ئەحەد خەیری» و «واحید خەیری» سێ هاووڵاتیی خەڵکی شاری مەهاباد، لە بەردەوامیی شەپۆلی دەستبەسەرکردنی سەرەڕۆیانەی هاووڵاتییاندا، لەلایەن هێزەکانی ڕژیم دەستبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترانەوە و تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر دۆخ و شوێنی ڕاگرتنیان لەبەردەستدا نییە. بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، بەرەبەیانی دووشەممە ۴ی جۆزەردانی ۱۴۰۵، هێزەکانی ڕژیم […]

بابەتی پەیوەندیدار