سیمین چایچی، مەرزیە مورادوەیسی و فاتمە زەندکەریمی، سێ چالاکیی مەدەنی شاری سنە، بۆ ئیدارەی ئیتلاعات بانگهێشت و لێپرسینەوەیان لێکراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی سێشەممە ٢٥ خەرمانانی ١٤٠٤، سیمین چایچی، چالاکوانیی مەدەنی و شاعیری ناوداری کورد، فاتمە زەندکەریمی، چالاکوانیی بزووتنەوەی مامۆستایان و مەرزیە مورادوەیسی، چالاکوانیی مەدەنی سنە، بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارە بانگهێشت و لێپرسینەوەیان لێکراوە. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە بانگهێشتی ئەم چالاکوانانە لە پێوەندی لەگەڵ سێیەمین ساڵیادی گیانبەختکردنی ژینا ئەمینی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا بووە. هێزەکانی ڕژیم هەڕەشەی لەم چالاکوانانە کردووە و هۆشداری داوە کە بەشداری هیچ گردبوونەوەیەک لە سێیەمین ساڵیادی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا نەکەن.
سیمین چایچی و فاتمە زەندکەریمی، پێشتر بەهۆی چالاکییەکانی خۆیانەوە دەستبەسەر و بەرخوردی دادوەرییان هەبووە.

