بۆکان؛ ئازادکردنی “ئەستی محەمەدی”، دایکی دوو چالاکوانی سیاسی، بە دانانی بارمتەی قورس

ئەستی محەمەدی، هاووڵاتیی تەمەن ۶۷ ساڵی خەڵکی بۆکان و دایکی دوو چالاکوانی سیاسی، دوای ۱۵ ڕۆژ دەسبەسەرکران لەلایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران، بە دانانی بارمتەیەکی قورس بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی “کۆڵبەرنیوز”، ئەستی محەمەدی ئێوارەی دووشەممە ۲۱ی گوڵانی ۱۴۰۵، لەلایەن هێزەکانی ڕژیم لە ئەنجامی هێرشێکی بەربڵاو بۆ سەر ماڵی بنەماڵەکەی لە شاری بۆکان دەسبەسەر کرا. بەپێی زانیارییەکان، هێزەکانی ڕژێم بە بەکارهێنانی لانی کەم ۱۵ ئۆتۆمبێلی زرێپۆش و ئۆپەراسیۆنی، شوێنی نیشتەجێبوونی ئەم هاووڵاتییەیان گەمارۆ داوە و دوای دروستکردنی کەشێکی ترس و تۆقاندن و ئەمنی، بێ بڕیاری دادگا دەسبەسەریان کردووە و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستووەتەوە.

هاوکات لەگەڵ دەسبەسەرکردنی ئەستی محەمەدی، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات دەستیان بە پشکنینی بەربڵاوی ماڵەکە کردووە و بەشێک لە کەلوپەلی تایبەتی بنەماڵەکەیان لەوانە: ئەلبوومی وێنەکان، کتێبەکان، مۆبایلەکان و لاپتۆپی ئەندامانی بنەماڵەکەیان دەستیان بەسەردا گرتووە و لەگەڵ خۆیان بردوویانە.

لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا، بنەماڵەی ئەم هاووڵاتییە لە شوێنی ڕاگرتن، دۆخی تەندروستی و ڕەوتی پێڕاگەیشتنی دۆسیەکەی بێئاگا بوون. بەپێی زانیارییە بەردەستەکان، ئەستی محەمەدی دوای دەسبەسەرکرانی بۆ یەکێک لە گرتووخانەکانی ورمێ گواستراوەتەوە و لەو ماوەیەدا تەنیا یەک پەیوەندیی تەلەفۆنیی کورتی نزیکەی ۳۰ چرکەیی لەگەڵ بنەماڵەکەی هەبووە.

دەسبەسەرکردنی ئەم هاووڵاتییە بەتەمەنە لە کاتێکدا بووە کە ناوبراو چەندین نەخۆشیی بنەڕەتیی وەکو نەخۆشیی دڵ و پەستانی خوێنی هەیە و پێویستی بە بەکارهێنانی بەردەوامی دەرمان و چاودێریی پزیشکی هەبوو. بەردەوامیی بێ ئاگایی لە دۆخی ناوبراو و نیگەرانییەکان لەسەر دەستڕاگەیشتنی بە خزمەتگوزاری پزیشکی، لە ڕۆژانی ڕابردوودا ببووە هۆی نیگەرانییەکی جددی بۆ بنەماڵە و کەسوکاری.

بەپێی زانیارییەکان، ئەستی محەمەدی دوای ۱۵ ڕۆژ دەسبەسەرکران، بە دانانی بارمتەیەکی قورس بە شێوەی کاتی ئازاد کراوە. سەرەڕای ئەمەش، دۆسیە یاساییەکەی هێشتا کراوەیە و نیگەرانییەکان لە ئەگەری سەپاندنی گوشاری ئەمنی و دادوەریی زیاتر لە دژی بەردەوامە.

ئەستی محەمەدی، دایکی کەوسەر فەتاحی (لە ئەندامانی ڕێبەرێتی حیزبی کۆمەڵەی کوردستانی ئێران) و هەروەها دایکی فەرشید (کاوە) فەتاحی (چالاکوانی سیاسیی نیشتەجێی ئەورووپا)یە.

کۆڵبەرنیوز

Next Post

ئۆپۆزسیۆنی ئێران لە تاقیکردنەوەی شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ کۆماری ئیسلامیدا

ش مه 30 , 2026
شەڕی ئەم دواییەی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، بەدەر لە ئاکامە سەربازی و سیاسییەکەی، یەکێک بوو لە یەکلاکەرەوەترین تاقیکردنەوەکانی ئۆپۆزسیۆنی کۆماری ئیسلامی. سەرلەبەیانی ڕۆژی شەممە ٩ی ڕەشەممەی ١٤٠٤، بە دەستپێکردنی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران کاردانەوەی کۆماری ئیسلامی، قەیرانێک هاتە ئاراوە کە نەک هەر پەیوەندییە ناوچەییەکانی گۆڕی، […]

بابەتی پەیوەندیدار