بۆکان؛ بەردەوامیی دەستبەسەرکران و بێسەروشوێنیی «ئەستی محەمەدی»، دایکی دوو چالاکوانی سیاسی

پاش تێپەڕبوونی ۹ ڕۆژ بەسەر دەستبەسەرکرانی «ئەستی محەمەدی»، هاووڵاتیی خەڵکی بۆکان، هێشتا هیچ زانیارییەک لەسەر شوێنی ڕاگرتن و دۆخی ناوبراو لەبەردەستدا نییە؛ ئەم ژنە تەمەن ۶۷ ساڵانە لە مافی پەیوەندیی تەلەفۆنی لەگەڵ بنەماڵەکەی، چاوپێکەوتنی پارێزەر بێبەش کراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ئێوارەی دووشەممە ٢١ی گوڵانی ١٤٠٥، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی بۆکان بەبێ پیشاندانی چەکێکی یاسایی، هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی «ئەستی محەمەدی» کچی حاجی غەفوور، دانیشتووی گەڕەکی «میراوا»ی بۆکان و دەستبەسەریان کردووە و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستووەتەوە. هاوکات لەگەڵ ئەم کارەدا، هێزەکانی ڕژیم مۆبایل و لاپتۆپی ئەندامانی بنەماڵەکەیان بەبێ مۆڵەتی یاسایی دەستبەسەردا گرتووە.

«ئەستی محەمەدی» دایکی دوو چالاکوانی سیاسیی دانیشتووی دەرەوەی ئێرانە و بەپێی زانیارییەکان، بەهۆی دۆخی جەستەیی و تەمەنی پیرییەوە، پێویستیی بەردەوامی بە بەکارهێنانی دەرمان هەیە. سەرەڕای ئەمەش، لە کاتی دەستبەسەرکرانییەوە تا ئێستا لە دەرمانەکانی بێبەش کراوە، ئەم بابەتەش نیگەرانیی قووڵی بنەماڵە و کەسوکاری لێکەوتووەتەوە.

تا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم ڕاپۆرتە، دامەزراوە ئەمنی و دادوەرییەکان هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان سەبارەت بە هۆکاری دەستبەسەرکردن، شوێنی ڕاگرتن و تۆمەتەکانی دژی ئەم هاووڵاتییە نەداوە. هەروەها بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەکەی بۆ ئاگاداربوون لە دۆخی ناوبراو بێ وەڵام ماوەتەوە و هێشتا لە دۆخێکی پڕ لە نیگەرانی و بێئاگایی تەواودا دەژین.

کۆڵبەرنیوز

Next Post

مەریوان؛ بەردەوامیی بێ ئاگایی لە چارەنووسی «شەهرام ئەمینی» پاش دەستبەسەرکرانی لە سنووری باشماخ

چ مه 20 , 2026
پاش تێپەڕبوونی ١٤ ڕۆژ بەسەر دەستبەسەرکرانی «شەهرام ئەمینی»، هاووڵاتیی خەڵکی مەریوان، هێشتا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس، شوێنی ڕاگرتن و دۆخی تەندروستیی ناوبراو لەبەردەستدا نییە؛ ئەم هاووڵاتییە لە پارێزەر، پەیوەندیی تەلەفۆنی و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کراوە. بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی چوارشەممە ١٦ی گوڵانی ١٤٠٥، «شەهرام ئەمینی» تەمەن ٥٢ ساڵ، لە […]

بابەتی پەیوەندیدار