
سەجاد وەیسی و شایان وەیسی، دوو هاووڵاتیی پەیڕەوی ئایینی یارسان کە لە کاتی خۆپێشاندانەکانی مانگی بەفرانباردا دەستبەسەر کراون، دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە چوار مانگ هێشتا لە زیندانیی دیزڵاوای کرماشاندا لە دەستبەسەریدان. ئەم دوو چالاکوانە کوردە ڕووبەڕووی تۆمەتی «شەڕەنگێزی» بوونەتەوە؛ تۆمەتێک کە نیگەرانییەکانی لەسەر ئەگەری دەرچوونی سزای قورس، لەوانەش سزای لەسێدارەدان، زیاتر کردووە.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، دۆسیەی سەجاد وەیسی (تەمەن ۳۰ ساڵ) و شایان وەیسی دوای چەندین مانگ دەستبەسەرکردن، ڕەوانەی دادگای شۆڕشی کرماشان کراوە و دامەزراوە دادوەرییەکان تۆمەتی «شەڕەنگێزی» بەسەردا سەپاندوون. سەرچاوە ئاگادارەکان ڕایانگەیاندووە کە ئەم دۆسیەیە لەسەر بنەمای سیناریۆسازیی دەزگا ئەمنییەکان و ئەو دانپێدانانانە دروستکراوە کە لەژێر گوشار و ئەشکەنجەدا لێیان وەرگیراوە. بنەماڵەی ئەم دوو زیندانییە سیاسییە نیگەرانیی خۆیان لە هەمبەر مەترسیی دەرچوونی سزای قورس و هەڕەشە لەسەر ژیانیان دەربڕیوە.
شایان وەیسی لە کاتی خۆپێشاندانەکانی مانگی بەفرانباردا دەستبەسەر کرا. سەجاد وەیسیش ڕۆژی یەکشەممە ۳ی ڕەشەمەی ۱۴۰۴، لە ڕێگەی دەرەدرێژ بۆ سەرپێڵی زەهاو و لە کاتێکدا بۆ سەردانی بنەماڵەی هاوسەرەکەی لە هاتوچۆدا بوو، لەلایەن هێزەکانی ڕژێم دەستبەسەر و بۆ گرتووخانە گوازرایەوە. شایان وەیسی پێشتریش لە کاتی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی «ژینا»دا لە کرماشان دەستبەسەر کرابوو.
سەجاد وەیسی برای مەیسەم وەیسی و موجتەبا وەیسی، دوو چالاکوانی کولتووریی ناسراوی کورد و لە پەیڕەوانی ئایینی یارسانە. ئەم دوو برایە بەرەبەیانی پێنجشەممە ۷ی جۆزەردانی ۱۴۰۵ لە کاتی هێرشی هێزەکانی سوپای پاسداران بۆ سەر ماڵەکەیان لە گوندی «قەڵا کەووش» سەر بە ناوچەی دالاهۆ، کرانە ئامانجی تەقەی ڕاستەوخۆ و گیانیان لەدەستدا.
بەردەوامیی دەستبەسەرکردنی سەجاد وەیسی و شایان وەیسی، سەپاندنی تۆمەتی «شەڕەنگێزی» بەسەر ئەم دوو چالاکوانە کوردەدا و نیگەرانی لە ئەگەری دەرچوونی سزای لەسێدارەدان، بووەتە هۆی زیادبوونی نیگەرانیی بنەماڵەکانیان و چالاکوانانی مافی مرۆڤ لەسەر دۆخی تەندروستی و چارەنووسیان.

