سەقز؛ بەردەوامبوونی دەستبەسەرکردن و چارەنووسی نادیاری ڕەزا ڕەجەبی لە زیندانیی ناوەندیی ئەم شارە

ڕەزا ڕەجەبی، هاوڵاتیی تەمەن ٥٨ ساڵانی خەڵکی سەقز و یەکێک لە کاسبکارانی ئەم شارە، سەرەڕای تێپەڕبوونی ١٠ ڕۆژ بەسەر دەستبەسەرکردنیدا، هێشتا بەبێ دیاریکردنی چارەنووسی یاسایی لە زیندانیی ناوەندیی سەقز ڕاگیراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕەزا ڕەجەبی، کوڕی عەلی، دوای دەستبەسەرکرانی سەرەتا بۆ ماوەی دوو شەو لە گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سەقز لەژێر لێکۆڵینەوەدا بووە و پاشان بۆ زیندانیی ناوەندیی ئەم شارە گوازراوەتەوە. سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە حەفتەیەک بەسەر گواستنەوەی بۆ زیندان، تاکو ئێستا هیچ زانیارییەکی فەرمی سەبارەت بە هۆکاری دەستبەسەرکردن، تۆمەتەکانی دژی، دادگایی دۆسیەکە یان کاتی بەڕێوەچوونی دانیشتنی دادگا ڕانەگەیێندراوە.

ئەم هاوڵاتییە کە باوکی دوو منداڵە، هێشتا چارەنووسی نادیارە لە زیندانیی ناوەندیی سەقز. بنەماڵەکەشی سەرەڕای سەردان و بەدواداچوونی بەردەوام، تاکو ئێستا نەیانتوانیوە زانیارییەک سەبارەت بە دۆسیەکەی، هۆکارەکانی بەردەوامبوونی دەستبەسەرکردنی و کاتی دیاریکردنی چارەنووسی یاسایی ناوبراو بەدەست بهێنن.

کۆڵبەرنیوز

Next Post

ئیلام؛ ئەحمەد عەلیزادە بە دوو ساڵ زیندانیی و سزای تەواوکاری سزادرا

س ژوئن 30 , 2026
ئەحمەد عەلیزادە، چالاکوانی مەدەنی و مامۆستای خانەنشینکراوی خەڵکی ئاودانان، بە دەرچوونی سزایەکی نوێ لەلایەن دادگای شۆڕشی ئیلام، بە دوو ساڵ زیندانیی تەعزیری و کۆمەڵێک سزای تەواوکاری سزادرا. ئەمەش لە کاتێکدایە کە ناوبراو لە ئێستادا خەریکی تێپەڕاندنی ماوەی دوورخستنەوەی زۆرەملێیە لە شاری فەنووج سەر بە پارێزگای سیستان و بەلووچستان. بەپێی ڕاپۆرتی […]

بابەتی پەیوەندیدار