
ئارش ئیمامجومعە، هاووڵاتیی خەڵکی سەقز، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەستبەسەر کراوە و بە تێپەڕبوونی چەند ڕۆژ، هێشتا هیچ زانیارییەک لەسەر دۆخ و شوێنی ڕاگرتنی لە بەردەستدا نییە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی هەینی بیست و سێهەمی گەلاوێژی ١٤٠٥، ئارش ئیمامجومعە لە شاری سەقز لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات دەستبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرایەوە.
لە کاتی دەستبەسەرکردنی ئەم هاووڵاتییە تا ئێستا، بنەماڵە و کەسوکاری لە دۆخی تەندروستی و شوێنی ڕاگرتنی بێئاگان و دەزگای ئەمنی و دادوەریی هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان سەبارەت بە هۆکاری دەستبەسەرکردن یان تۆمەتەکانی دژی نەداوە.
بەپێی زانیارییەکان، ئارش ئیمامجومعە لە کاتی دەستبەسەرکردنیی تا ئێستا لە مافی پارێزەر، پەیوەندیی تەلەفۆنی و دیداری بنەماڵەکەی بێبەش کراوە.
تا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، بەدواداچوونی بنەماڵەکەی بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی ئەم هاووڵاتییە هیچ ئەنجامێکی نەبووە.

