سنە؛ بەردەوامیی دەستبەسەرکردن و نادیاریی چارەنووسی زەینەب عەزیزی و سیروان ئەمینی بە گواستنەوەیان بۆ زیندانی ناوەندیی هەمەدان

زەینەب عەزیزی و سیروان ئەمینی، هاوژینی خەڵکی سنە، بە تێپەڕبوونی زیاتر لە مانگێک بەسەر کاتی دەستبەسەرکردنیاندا، هێشتا لە دۆخێکی نادیاردا دەژین و لە مافە سەرەتایییەکانی خۆیان لەوانە دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەش کراون.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ئەم دوو هاووڵاتییە ڕۆژی شەممە ١٦ی ڕەشەممەی ١٤٠٤، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتڵاعات و بەبێ نیشاندانی هیچ جۆرە حوکمێکی دادوەری، لە کاتی هێرشکردنە سەر ماڵەکەیان لە سنە دەستبەسەر کران. هێزە جلی مەدەنییەکان لە کاتی ئەم ئۆپەراسیۆنەدا بە بەکارهێنانی توندوتیژی دەستیان داوەتە دەستبەسەرکردنیان.
دوای گواستنەوەی سەرەتایی بۆ دەستبەسەرگە ئەمنییەکان، ئەم هاوژینە بەم دواییانە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی هەمەدان گوازراونەتەوە. سەرچاوە ئاگادارەکان ڕایانگەیاندووە کە لە کاتی دەستبەسەرکردنیانەوە تا ئێستا، زەینەب عەزیزی و سیروان ئەمینی تەنیا سێ پەیوەندیی تەلەفۆنیی کورتیان لەگەڵ بنەماڵەکانیان هەبووە، کە هەموویان لەژێر چاودێریی ناوەندە ئەمنییەکاندا بووە و لە هەر جۆرە چاوپێکەوتنێکی ڕووبەڕوو بێبەش کراون.
هەروەها، ئەم دوو هاووڵاتییە لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و سوودمەندبوون لە ڕاوێژی یاسایی بێبەش کراون و دۆخی دۆسیەکەیان و ڕەوتی پێڕاگەییشتنی دادوەری بەو تۆمەتانەی ئاراستەیان کراوە، هێشتا بە ناڕوونی ماوەتەوە.
بەپێی زانیارییە بەدەستهاتووەکان، ناوەندە ئەمنییەکان تۆمەتی ئەم هاوژینەیان وەک “بەکارهێنانی کەرەستەکانی ئینتەرنێتی مانگیی ستارلینک” ناوبردووە. ئەمە لە کاتێکدایە کە هاوکات لەگەڵ تێکچوونی بەربڵاوی ئینتەرنێت لە کاتی ئاڵوگۆڕەکانی ئەم دواییانەدا، گوشار بۆ سەر ئەو هاووڵاتییانەی کە ڕێگەی جێگرەوە بۆ پەیوەندیکردن بەکاردێنن، زیادی کردووە.

کۆڵبەرنیوز

Next Post

دەشتیاری؛ گیانلەدەستدانی دوو منداڵی بەلووچ بەهۆی کەوتنە ناو گۆماو

چ آوریل 22 , 2026
دوو منداڵی بەلووچ لە شارستانی دەشتیاری، بەهۆی کەوتنە ناو “هووتەگ” (چاڵاوی ئاو)، گیانیان لەدەستدا.بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز بە گواستنەوە لە سەرچاوەکانی بەلووچستان، ڕۆژی یەکشەممە ١٦ی خاکەلێوەی ١٤٠٥، “ئیلیاس بەلووچ” تەمەن ٤ ساڵ، کوڕی ڕەزاق و خەڵکی گوندی گوڵستان، هەروەها ڕۆژی چوارشەممە ١٩ی خاکەلێوەی ١٤٠٥، “ئەبووزەر جەدگال” تەمەن ١١ ساڵ، کوڕی کەریم […]

بابەتی پەیوەندیدار