بۆکان؛ سەید عەلی قوڕەیشی بە دانانی بارمتە بە شێوەیەکی کاتی لە زیندان ئازاد کرا

سەید عەلی قوڕەیشی، هونەرمەند و گۆرانیبێژی ناسراوی خەڵکی بۆکان، دوای نزیکەی سێ هەفتە دەستبەسەرکران، بە دانانی بارمتە بە شێوەیەکی کاتی لە زیندانی ئەم شارە ئازاد کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی دووشەممە ١١ی جۆزەردانی ١٤٠٥، سەید عەلی قوڕەیشی، گۆرانیبێژ و هونەرمەندی تەمەن ٦٧ ساڵی خەڵکی بۆکان، دوای تێپەڕاندنی ماوەی دەستبەسەرکردنی و بە دانانی بارمتە، بە شێوەیەکی کاتی لە زیندانی ئەم شارە ئازاد کرا.

سەید عەلی قوڕەیشی ئێوارەی دووشەممە ٢١ی گوڵانی ١٤٠٥، لەلایەن هێزەکانی ڕژێم و بەبێ مۆڵەتی یاسایی لە ماڵەکەی خۆیدا دەستبەسەر کرابوو. ناوبراو دوای دەستبەسەرکردنی، بۆ ئەنجامدانی قۆناغەکانی لێکۆڵینەوە بۆ گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ گوازرابووەوە.

بەپێی زانیارییە بەدەستهاتووەکان، ئەم هاووڵاتییە دوای کۆتاییهاتنی لێکۆڵینەوەکان لە گرتووخانەی ئەمنیی بۆ زیندانی بۆکان گوازرایەوە و لە کۆتاییدا بە بارمتە تا کاتی ڕاگەیاندنی بڕیاری دادگا، لە زیندان ئازاد کرا.

سەید عەلی قوڕەیشی یەکێکە لە کەسایەتییە ناسراو و خۆشەویستەکانی شاری بۆکان و ساڵانێکی زۆرە لە بواری مۆسیقای میللیدا چالاکی دەکات. ناوبراو خانەنشینی فەرمانگەی ڕاگەیاندنە، باوکی سێ منداڵ و لە هونەرمەندە ناودارەکانی ئەم شارەیە.

کۆڵبەرنیوز

بابەتی پەیوەندیدار