سەقز؛ دەرچوونی سزای دوورخستنەوەی ئەیوب جوانپوور، دەستبەسەرکراوی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا

سزای دوورخستنەوەی ئەیوب جوانپوور، دەستبەسەرکراوی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا لە سەقز دەرچووە و ناوبراو بۆ ساڵێک مانەوەی ناچاری بۆ شاری باوی لە پارێزگای خوزستان گواسترایەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز ڕۆژی شەممە ١٥ سەرماوەزی ١٤٠٤، ئەیوب جوانپوور، هاوڵاتی تەمەن ٤٠ ساڵ و خەڵکی سەقز، شوێنی مانەوەی خۆی جێهێشت و بۆ سزای دوورخستنەوەی ناچاری ڕەواندی شاری باوی کرا. بەپێی سزای دەرچوو، ناوبراو دەبێت سێ جار لە هەفتەیەکدا بۆ ناوەندی ئەمنی ١١ شاری باوی بڕوات و ئامادەیی خۆی لە ناوەندەکە تۆماربکات.

ئەیوب جوانپوور، پێشتر دوای ساڵێک و سێ مانگ زیندان، لە ٨ ڕەزبەری ١٤٠٣ بە کەفالەتی کاتی ٣٠٠ ملیۆن تمەن لە زیندانیی ناوەندی سەقز ئازادکرا. ناوبراو بۆ یەکەمجار لە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا لە ٣ ڕەزبەری ١٤٠١ لەلایەن هێزەکانی ڕژیم لە سەقز دەستبەسەرکرا و پاش ماوەیەک بە کەفالەت ئازادکرا.

ناوبراو جارێکی دیکە لە ٢٠ جۆزەردانی ١٤٠٢ لەلایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ماڵەکەیدا دەستبەسەرکرا و بۆ گرتووخانەی شەهرامفەر لە سنە گواسترایەوە. ناوبراو پاش ٣٢ ڕۆژ دەستبەسەرکرانی تاکەکەسی بە کەفالەت ئازادکرا.

دادگای سەقز لە ٣١ پووشپەڕی ١٤٠٢ بە سەرۆکایەتی کەیوان جەهانی جوانپوور بە تۆمەتی «ڕێکخستنی گرووپی زیاتر لە دوو هاوڵاتی بۆ تێکدانی ئاسایشی وڵات، بانگەشە دژی ڕژیم لەڕێگەی هێنانەخوارەوەی ئاڵای کۆماری ئیسلامی، سووکایەتی بە ڕێبەری و سووکایەتی بە دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامی» بە ١٠ ساڵ، ساڵێک، ٢ ساڵ و ٢ ساڵ زیندانیی تەعزیری سزادرا و کۆی سزاکان بە ١٥ ساڵ زیندانیی تەعزیرییە. بەپێی یاسای کۆکردنی سزاکان، توندترین سزا واتە ١٠ ساڵ زیندان بۆ ناوبراو دەرچووە، سزایەک کە دواتر لە دادگای پێداچوونەوە بۆ ٣ ساڵ زیندانیی تەعزیری کەمکرایەوە.

ناوبراو هەروەها لە دۆسیەیەکی دیکەدا لە سەرماوەزی ١٤٠٢ لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی سەقز بە سەرۆکایەتی جەواد مستەفایی بە تۆمەتی «بانگەشە دژی ڕژیم» بە ساڵێک زیندانیی تەعزیری و ١٥ مانگ مانەوەی ناچاری لە شاری باوی سزادرا.

ئەیوب جوانپوور، پێشتر لە ڕەزبەری ١٣٩٦ لە گردبوونەوەکانی پشتیوانی لە گشتپرسی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان دەستبەسەرکرا بە سزای نەقدی و لێدانی ٥٠ شەلاق بۆ ناوبراو، سزایەک کە دواتر هەڵوەشایەوە و بێتاوانکرا.

کۆڵبەرنیوز

Next Post

سنە؛ بانگهێشتی سەیدعەبدوڵڵا نیعمەتی بۆ دادگا

ی دسامبر 7 , 2025
سەیدعەبدوڵڵا نیعمەتی، هاوڵاتی خەڵکی سنە، بە وەرگرتنی ڕاگەیەندراوێک بۆ ئامادەیی لە دادگا بانگهێشتکرا و ئەگەر ئامادەنەبێت سزای دەستبەسەرکرانی بۆ دەردەچێت. بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، سەیدعەبدوڵڵا نیعمەتی، تەمەن ٤٦ ساڵ و خەڵکی سنە، بەپێی ڕاگەیەندراوی فەرمی بۆ دادگای ئەم شارە بانگهێشتکرا. لە نووسراوی ڕاگەیەندراوەکەدا هۆکاری دەستبەسەرکران «پێویستە» نووسراوە و دڵنیایی دراوە لە […]

بابەتی پەیوەندیدار