چەندین کەس لە چالاکانی مەدەنی و مافی ژنانی شاری سنە، وەکو سورەیا خدری، سیمین چایچی و بەهار زەنگی بەند، پاش بانگهێشتیان بۆ ناوەندە ئەمنییەکان بە وەرگرتنی بەڵێننامەی نووسراو، هەڕەشەیان لێکراوە کە بەشداری لە گردبوونەوە و ڕێوڕەسم بە بۆنەی هەشتی مارس ڕۆژی جیهان ژن، خۆ بەدوور بگرن.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی پێنجشەممە شازدەی ڕەشەمەی ١٤٠٣، چەندین کەس لە چالاکانی مەدەنی مافی ژنانی شاری سنە وەکو سورەیا خدری، سیمین چایچی و بەهار زەنگی بەند، لەلایەن فەرماندەیی سەربازی کۆماری ئیسلامی ئێران «فەراجا» بانگهێشت کران. ئەم کەسانە پاش ئامادەبوونیان لە فەراجا، بە وەرگرتنی بەڵێننامەی نووسراو، هەڕەشەیان لێکراوە لە هەر جۆرە گردبوونەوە و ڕێوڕەسم بە بۆنەی هەشتی مارس ڕۆژی جیهانی ژن، خۆ بە دوور بگرن.
ئەم بانگهێشت و هەڕەشانە، بە بڕیاری دادستانی شاری سنە، «محەممەد جەباری» دراون و بە مەبەستی ڕێگری لە بەڕێوەچوونی ڕۆژی جیهانی ژن لەم شارە ئەنجامدراوە. سورەیا خدری، سیمین چایچی و بەهار زەنگی بەند، لە پێشتردا لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و بانگهێشت کراون. بەهار زەنگی بەند، چالاکی مەدەنی و مافی ژنان، لە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینادا بۆ ماوەی ٢٠ ڕۆژ دەستبەسەر و پاش ئەوە لە خوێندن لە زانکۆی ئازادی شاری سنە بێبەش کراوە.
سورەیا خدری، چالاکی مەدەنی و کۆمەڵایەتی، لە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینادا دەستبەسەر کراوە و پێشتریش لە ١٣٩٧، بەبێ بڕیاری دادوەر لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو. ناوبراو لە ماوەی دەستبەسەریدا، ئەندامی دامەزراوەی خێرخوازی «ڕۆجیار کوردستان» بوو.
سیمین چایچی، شاعیر و نووسەری شاری سنە، سەرەڕای دەستبەسەرکرانی لە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینادا چەندین جار بەهۆی چالاکییەکانی مەدەنی، ئەدەبی و مافی ژنانەوە بۆ ناوەندە ئەمنییەکان بانگهێشت کراوە.
ئەم کردارانە لەکاتێکدا ئەنجامدراون کە چالاکانی مەدەنی و مافی ژنان لە سەرانسەری جیهان، سەرقاڵی ئامادەکارین بۆ بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی ڕۆژی جیهانی ژن.