سنە؛ گواستنەوەی ئەمجەد گەریاخیز، چالاکیی کرێکاری، بۆ جێبەجێکرانی سزای زیندانییەکەی لە زیندان

ئەمجەد گەریاخیز، چالاکیی کرێکاری شاری سنە بۆ جێبەجێکرانی شەش مانگ سزای زیندانیی تەعزیری بۆ زیندانیی ناوەندی شاری سنە گواسترایەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی دووشەمە شازدەی پووشپەڕی ١٤٠٤، ئەمجەد گەریاخیز، چالاکیی کرێکاری شاری سنە و ئەندامی کەمپینی «نا بۆ لەسێدارەدان»، بۆ جێبەجێکرانی سزای شەش مانگ زیندانیی تەعزیری بۆ زیندانیی ناوەندی شاری سنە گواسترایەوە.

لقی یەکی دادگای شۆڕشی شاری سنە پێشتر لە حەڤدەی جۆزەردان، ئەم چالاکەی سنفی بە شەش مانگ زیندانیی تەعزیری و دوو ساڵ زیندانیی دواخراو سزادرابوو. ئەم سزایە لە دەستبەسەرکرانی توندوتیژانەی ناوبراو لە ئاخێزی مانگرتنی گشتی گەلی کوردستان دەرچووبوو.

ئەمجەد گەریاخیز، لە نۆزدەی بەفرانباری ١٤٠٣، لە کاتی بەشداری لە مانگرتنی ناڕەزایەتی دژی دەرچوونی سزاکانی لەسێدارەدان بۆ وەریشە مورادی و پەخشان عەزیزی، لە شەقامێکی شاری سنە دەستبەسەرکرا. ناوبراو لە کاتی دەستبەسەرکراندا، بە توندی ئەشکەنجە دراوە و بۆ ٣٥ ڕۆژ لە گرتووخانەکانی ڕژیم، بەبێ دەرمان، پارێزەر و پەیوەندی لەگەڵ بنەماڵەکەی، زیندانییکرا.

تۆمەتی سەرەکی دژی ناوبراو، «هاندان و پشتیوانی بازاڕداران بۆ مانگرتن» و بەشداری لە ڕێکخستنی ئەم ناڕەزایەتییانە ڕاگەیەندراوە.

سەرەڕای ئازادیی بە پێدانی بارمتە، ئەمجەد گەریاخیز چەندین جار بۆ دادگا بانگهێشتکرا و بە ناوبراو ڕاگەیەندراوە کە دەبێت لە ٢٣ی گوڵانی ١٤٠٤، بۆ بەردەوامیدانی دادگایی دۆسیەکەی لە دادگای شۆڕشی شاری سنە ئامادەبێت. یەکەمین دانیشتنی دادگایی ئەم دۆسیەیە لە دوازدەی ڕەشەمەی ١٤٠٣ بەڕێوەچووبوو.

ئەمجەد گەریاخیز، لە ئەندامانی چالاکیی ئەنجوومەنی سنفی کرێکارانی بیناسازی شاری سنەیە و پێشتر دەستبەسەرکراوە، ئەشکەنجە و هەڕەشەی لێکراوە بەهۆی چالاکییەکانی سنفی، مەدەنی و ناڕەزایەتی هەیە. ناوبراو پێشتر لە ئاخێزی ناڕەزایەتییەکانی سەرتاسەری پاش کوشتنی ژینا ئەمینی، لە ڕێوڕەسمی ڕۆژی جیهانی کرێکار، و هەروەها لە کاردانەوە بە لەسێدارەدانی ڕامین حسێن پەناهی دەستبەسەرکرابوو.

ڕاپۆرتەکان دەڵێن کە هاوسەری ناوبراو، ئارەزوو سەبووری، هاوکات لەگەڵ دەستبەسەرکرانی ئەمجەد، لەلایەن ناوەندەکانی ڕژیم هەڕەشەی لێکرابوو.

کۆڵبەرنیوز

Next Post

بانە؛ کوژرانی کۆڵبەرێکی گەنج بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی هەنگی مەرزی

س جولای 8 , 2025
خالد محەمەدی، کۆڵبەری گەنجی شاری بانە، لە ناوچەکانی سنووری شاری بانە بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی هەنگی مەرزی گیانی بەختکرد. بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ سێشەمە حەڤدەی پووشپەڕی ١٤٠٤، هێزەکانی هەنگی مەرزی بەبێ ئاگاداریی پێشوەختە، کۆڵبەرێکی گەنج لە ناوچەی سنووری «موسک» لە شاری بانە تەقەی ڕاستەوخۆی لێکرا و بەهۆیەوە، ئەم کۆڵبەرە […]

بابەتی پەیوەندیدار