خالد محەمەدی، کۆڵبەری گەنجی شاری بانە، لە ناوچەکانی سنووری شاری بانە بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی هەنگی مەرزی گیانی بەختکرد.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ سێشەمە حەڤدەی پووشپەڕی ١٤٠٤، هێزەکانی هەنگی مەرزی بەبێ ئاگاداریی پێشوەختە، کۆڵبەرێکی گەنج لە ناوچەی سنووری «موسک» لە شاری بانە تەقەی ڕاستەوخۆی لێکرا و بەهۆیەوە، ئەم کۆڵبەرە گەنجە گیانی لەدەستدا.
ناسنامەی ئەم کۆڵبەرە «خالد محەمەدی»، تەمەن ٢٣ ساڵ، خەڵکی گوندی «ئەنجینە» لە شاری بانە و باوکی منداڵێکە، بۆ کۆڵبەرنیوز ڕاگەیەندراوە. شایانی باسە باری ئەم کۆڵبەرە تەلەفیزیۆن بووە.
بەپێی ڕاپۆرتەکان، تا کاتی بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە، تەرمی خالد محەمەدی هێشتا لە نەخۆشخانەیە و بە بنەماڵەکەی ڕادەست نەکراوە.
بەپێی ڕاپۆرتی تۆمارکراو لە کۆڵبەرنیوز، لە ساڵی ١٤٠٣دا، بە کۆی گشتی ١٨٣ لە ناوچە سنوورییەکان و ڕێگاکانی نێوان پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان و کرماشان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕژیم، ڕنوو و سەرما، کەوتنەسەر مین، کەوتنەخوارەوە لە شاخ و بەرزایی و ڕووداوی دیکە کوژران و بریندار بوون. لەم هەژمارەدا ٥٢ کۆڵبەر واتە (٢٨٪) کوژران و ١٣١ کۆڵبەر واتە (٧٢٪) برینداربوون. لە کۆی گشتی ١٨٣ کۆڵبەر کە لە ساڵی ١٤٠٣دا کوژراو و بریندار بوون، ١٤٣ حاڵەتیان واتە (٧٨٪) بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکانی ڕژیم ئەنجام دراوە. لە کۆی گشتی ١٨٣ کۆڵبەر کە لە ساڵی ١٤٠٣دا کوژراو و بریندار بوون، ١١ کەسیان واتە (٦٪) منداڵانی کۆڵبەری ژێر ١٨ ساڵ بوون کە یەک لەوان بەهۆی سەرمابردووییەوە گیانی لەدەستداوە.

