ڕزگار محەمەدی، کۆڵبەری شاری بۆکان، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سنوور لە سنووری شاری بانە بە سەختی برینداربوو و لە نەخۆشخانەی شاری سنە چارەسەر وەردەگرێت.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی هەینی سیازدەی پووشپەڕی ١٤٠٤، کۆڵبەرێکی شاری بۆکان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی هەنگی مەرزی بە چەکی کڵاشینکۆف لە ناوچەی سنووری «هەنگەژاڵ» لە شاری بانە بە سەختی کەمەری برینداربوو.
ناسنامەی ئەم کۆڵبەرە «ڕزگار محەمەدی»، تەمەن ٤٢ ساڵ، خەڵکی شاری بۆکان و خێزاندارە، بۆ کۆڵبەرنیوز ڕاگەیەندراوە.
بەپێی ڕاپۆرتەکان، بەهۆی سەختی برینەکانییەوە لە گوورچیلەیدا، ناوبراو نەشتەرگەری بۆکراوە و هێشتا لە نەخۆشخانەیەکی شاری سنر چارەسەر وەردەگرێت.
بەپێی ڕاپۆرتی تۆمارکراو لە کۆڵبەرنیوز، لە ساڵی ١٤٠٣دا، بە کۆی گشتی ١٨٣ لە ناوچە سنوورییەکان و ڕێگاکانی نێوان پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان و کرماشان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕژیم، ڕنوو و سەرما، کەوتنەسەر مین، کەوتنەخوارەوە لە شاخ و بەرزایی و ڕووداوی دیکە کوژران و بریندار بوون. لەم هەژمارەدا ٥٢ کۆڵبەر واتە (٢٨٪) کوژران و ١٣١ کۆڵبەر واتە (٧٢٪) برینداربوون. لە کۆی گشتی ١٨٣ کۆڵبەر کە لە ساڵی ١٤٠٣دا کوژراو و بریندار بوون، ١٤٣ حاڵەتیان واتە (٧٨٪) بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکانی ڕژیم ئەنجام دراوە. لە کۆی گشتی ١٨٣ کۆڵبەر کە لە ساڵی ١٤٠٣دا کوژراو و بریندار بوون، ١١ کەسیان واتە (٦٪) منداڵانی کۆڵبەری ژێر ١٨ ساڵ بوون کە یەک لەوان بەهۆی سەرمابردووییەوە گیانی لەدەستداوە.

