فەرهاد شێخی، چالاکی کرێکاری شاری سەقز و دانیشتووی هەشتگەردی کەرەج بۆ سزای ٨ مانگ بەندکردنی، بۆ لقی ١ی سزاکانی دادگای گشتی و شۆڕشی هەشتگەرد بانگهێشت کرا.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز فەرهاد شێخی، چالاکی کرێکاری شاری سەقز و دانیشتووی هەشتگەردی کەرەج بۆ سزای ٨ مانگ بەندکردنی، بۆ لقی ١ی سزاکانی دادگای گشتی و شۆڕشی هەشتگەرد بانگهێشت کرا. ناوبراو بە بڵاوکردنەوەی بابەتێک ڕایگەیاند بە ڕاگەیەندراوێک بۆ لقی ١ی سزاکانی دادگای گشتی و شۆڕشی هەشتگەرد بانگهێشت کرا و دەبێت لەم ڕۆژانەدا بۆ سزاکەی بۆ ناوەندی یاسایی ناوبراو بڕوات. ناوبراو لە ٨ی خەرمانانی ١٤٠٣ لەلایەن دادگای پێداچوونی پارێزگای ئەلبورز بە ٨ مانگ بەندکردن، ٢ ساڵ دوورخستنەوە بۆ شاری دیواندەرە، ٢ ساڵ قەدەغەی ڕۆشتنە دەرەوە لە ئێران و ٢ ساڵ قەدەغەی نیشتەجێبوونی لە پارێزگاکانی ئەلبورز و تاران سزادراوە. ناوبراو لە ٧ی جۆزەردانی ١٤٠٢ لەلایەن هێزە ئەمنیەکان لە ماڵەکەیدا لە هەشتگەرد دەستبەسەرکرا و دواتر بۆ گرتوخانەی ڕەجایی شاری کەرەج گوازرایەوە.
ناوبراو لە ٢٣ی جۆزەردانی ١٤٠٢ پاش پێداچوونی تۆمەتەکەی لە دادگای هەشتگەرد بە بارمتەی ١٠٠ ملیۆن تمەن لە گرتوخانەی ناوەندی کەرەج ئازاد کرا. ناوبراو لە پووشپەڕی ١٤٠٣ لەلایەن لقی ١ی دادگای شۆڕشی کەرەج بەسەرۆکایەتی دادوەر سەید موسا ئەسەف حسێنی بە تۆمەتی چالاکی تەبلیغی دژی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بە ساڵێک بەندکردن، ٢ ساڵ دوورخستنەوە بۆ شاری دیواندەرە و ٢ ساڵ قەدەغەی ڕۆشتنە دەرەوە لە ئێران و ٢ ساڵ قەدەغەی نیشتەجێبوونی لە پارێزگاکانی ئەلبورز و تاران (پاش تەواوبوونی ماوەی دوورخستنەوە) سزادرابوو. دانیشتنی دادگا بۆ تۆمەتەکانی ناوبراو لە ٣٠ی جۆزەردانی ١٤٠٣ بەڕێوەچوو. ناوبراو پێشتر بەهۆی چالاکیەکانی دەستبەسەرکرا و سزادرابوو. ناوبراو لە ١٨ی ڕێبەندانی ١٤٠١ پاش لێبوردنی گشتی لە گرتوخانە ئازاد کرابوو.