سمکۆ مەعروفی، زیندانیی سیاسی پێشووی شاری بۆکان، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات دەستبەسەرکرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی دووشەمە نۆی پووشپەڕی ١٤٠٤، سمکۆ مەعروفی، چالاکیی ژینگەپارێزی و زیندانیی سیاسی پێشووی شاری بۆکان، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی ئێران دەستبەسەرکرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، هێزەکانی ڕژیم بە چەندین ئوتۆمبێل ماڵی سمکۆ مەعروفی لە گەڕەکێکی شاری بۆکان دەوردرا و ناوبراویان دەستبەسەر کردووە. تا ئێستا هۆکارەکانی دەستبەسەری، شوێنی مانەوە و تۆمەتەکانی دژی ناوبراو نادیارە.
سمکۆ مەعروفی، پێشتر چەندین جار بەهۆی چالاکییەکانی مەدەنی و ژینگەپارێزی خۆیەوە دەستبەسەرکرا و دادگایی کراوە. ناوبراو لە ساڵانی ١٣٩٨، ١٣٩٩ و ١٤٠٠ بە تۆمەتەکانی «تێکدانی دۆخی گشتی» و «بانگەشە دژی ڕژیم» بە چەند ساڵ زیندانیی سزادرا و ماوەیەک لە زینداندا بەسەربردبوو.