سەقز؛ بەردەوامیی بێئاگایی لە چارەنووسی پێنج ئەندامی گرووپەکانی شاخەوانی دوای ١٣ ڕۆژ لە دەستبەسەرکردنیان

بە تێپەڕبوونی سێزدە ڕۆژ بەسەر دەستبەسەرکردنی پێنج ئەندامی گرووپە سەربەخۆکانی شاخەوانیی “هەڵۆ” و “چیای سەوزی سەقز” لە شاری سەقز، هێشتا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنیان لەبەر دەستدا نییە. ئەم پێنج هاووڵاتییە بە ناوەکانی محەممەد حەکیم‌پور، مستەفا قادری، محەممەدسالح حوسێنی، حوسێن عەبدوڵڵاهی و خالید ڕەحیمی، لە کاتی دەستبەسەرکردنیان تا ئێستا لە مافی هەبوونی پارێزەر، چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە و پەیوەندیی تەلەفۆنی بێبەش کراون و بەدواداچوونی بنەماڵەکانیان تا ئێستا بێئەنجامە.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی پێنجشەممە ١٦ی ڕەزبەری ١٤٠٥، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سەقز بە هێرشکردنە سەر ماڵی حەوت ئەندامی دوو گرووپی شاخەوانیی “هەڵۆ” و “چیای سەوزی سەقز”، بە توندوتیژانە دەستبەسەریان کردن. ئەم ئۆپەراسیۆنە لە کاتژمێر پێنج بۆ شەشی بەیانی و بە ئامادەبوونی زیاتر لە سی هێزی ئەمنی و چەکدار ئەنجام درا و دەستبەسەرکراوان بە توندوتیژی و لێدان بۆ شوێنی نادیار گوازرانەوە.

دەستبەسەرکراوان بریتی بوون لە محەممەد حەکیم‌پور، مستەفا قادری، محەممەدسالح حوسێنی، حوسێن عەبدوڵڵاهی، خالید ڕەحیمی، عەبدوڵڵا ئەمینی و ڕەحیم حەق‌پەرەست. عەبدوڵڵا ئەمینی دوای نزیکەی شەو و ڕۆژێک و ڕەحیم حەق‌پەرەست دوای یەک ڕۆژ دەستبەسەرکران ئازاد کران، بەڵام پێنج هاووڵاتییەکەی دیکە هێشتا لە دەستبەسەریدان و هیچ زانیارییەک لەبارەی شوێنی ڕاگرتن و بارودۆخیان بڵاو نەکراوەتەوە.

بەپێی زانیارییەکان، دەستبەسەرکراوان لە کاتژمێرەکانی سەرەتای دەستبەسەرکردنیان لە گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سەقز، سووکایەتییان پێ کراوە و لێیان دراوە. سەرەڕای تێپەڕبوونی سێزدە ڕۆژ بەسەر دەستبەسەرکردنی ئەم پێنج هاووڵاتییە، ناوەندەکانی ئەمنیی تا ئێستا هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان لەبارەی هۆکارەکانی دەستبەسەرکردنیان نەداوە و بنەماڵەکانیشیان هێشتا لە بارودۆخی ئازیزانیان بێئاگان.

بێبەشبوونی ئەم کەسانە لە مافی هەبوونی پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە، لەگەڵ ڕێگریکردن لە پەیوەندیی تەلەفۆنی، نیگەرانییەکانی لەبارەی بارودۆخیان زیاتر کردووە.

گرووپەکانی شاخەوانیی “چیای سەوز” و “هەڵۆ”، دوو ڕێکخراوی سەربەخۆی مەدەنی، وەرزشی و ژینگەیین لە سەقز کە لەگەڵ بەرنامەکانی ڕێکخراویی شاخەوانی لە بەرزاییەکانی کوردستاندا، بەشداری لە چالاکییەکانی وەک پاککردنەوەی سروشت، نەمامچاندن، پەرەپێدانی شاخەوانی و ڕێزلێنان لە پێشەنگەکانی ئەم بوارەدا دەکەن.

ئەم دوو گرووپە لە ١٠ی ڕەزبەری ١٤٠٥دا بەرنامەیەکی هاوبەشیان بۆ سەرکەوتن بەسەر لووتکەی “تاڵەسوار” لە ناوچەی خوڕخوڕە بەڕێوە برد کە بە وتاردانی پیرە هەڵۆ، یەکێک لە شاخەوانە پێشەنگەکان بوو.
لەگەڵ ئەوەشدا، ئەندامانی ئەم ڕێکخراوە سەربەخۆیانە لە ساڵانی ڕابردووشدا ڕووبەڕووی فشاری ئەمنی بوونەتەوە. ئەسعەد سدیقی، لە ئەندامانی گرووپی “هەڵۆ” لە پووشپەڕی ١٣٩٩ و سدیق یوسف‌پور، ئەندامێکی دیکەی ئەم گرووپە لە بەفرانباری ١٤٠٤، پێشینەی دەستبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە و پشکنینی ماڵەکانیان لەلایەن هێزەکانی ڕژێم هەبووە.

کۆڵبەرنیوز

Next Post

مێژووی سەرهەڵدانی شیرکەتە پیمانکارییەکان و دەلاڵی هێزی کار

س اکتبر 20 , 2026
ئیلنا، ئاژانسی هەواڵی کاری ئێران، لە ڕاپۆرتێکدا لە ماڵپەڕەکەی خۆیدا باسی مێژووی هاتنی شیرکەتە پیمانکارییەکان و ناوبژیوانانی دابینکردنی هێزی کار بۆ ناو پەیوەندییەکانی کار لە ئێرانی کردووە. داتاکانی ئەم ڕاپۆرتە بوونەتە بنەمای ئامادەکردنی ئەم وتارە، لە گۆشەنیگایەکی ترەوە: کاتێک ئەمڕۆ باسی قەیرانی ئەمنییەتی پیشەیی، گرێبەستە کاتییەکان، جیاکاری لە حەقدەست و […]

بابەتی پەیوەندیدار