لەم ڕۆژانەی دواییدا، دوو چالاکوانیی بواری ژنان خەڵکی شاری سنە بە ناوەکانی «مەرزیە مورادوەیسی» و «عەتیە گوڵچینی» لەلایەن هێزەکانی ڕژیم لەم شارە دەستبەسەرکران و هێشتا هیچ زانیارییەک لەبارەی چارەنووس و شوێنی زیندانیکرانیان لەبەردەستدا نییە.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، مەرزیە مورادوەیسی لە چالاکوانانی بواری ژنان و ئەندامی کەمپینی خێرخوازی «ژیانەوە»یە کە لەم ڕۆژانەی دواییدا لەلایەن هێزەکانی ڕژیم لە سنە دەستبەسەرکراوە و هێشتا هیچ زانیارییەک لەبارەی دۆخی ناوبراوەوە بە دەست بنەماڵە و کەسوکاری نەگەیشتووە. ئەم چالاکوانی مەدەنییە پێشتریش دەستبەسەرکراوە و سزای دادگایی بەسەردا سەپێندرابوو.
بەپێی ڕاپۆرتێکی دیکە، «عەتیە گوڵچینی»، چالاکوانێکی دیکەی بواری ژنان و خەڵکی شاری سنە لەم ڕۆژانەی دواییدا لەلایەن هێزەکانی ڕژیم لەم شارە دەستبەسەرکرا و تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەبارەی چارەنووس و شوێنی زیندانیکرانی ناوبراوەوە لەبەردەستدا نییە.
تاکاتی نووسینی ئەم ڕاپۆرتە، ناوەندەکانی ئەمنی و بەرپرسانی دادوەری لەبارەی هۆکاری دەستبەسەرکران و شوێنی زیندانیکرانی ئەم دوو چالاکوانەی بواری ژنانە هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان نەداوە.

