سەعید تەروەند، گەنجی کوردی ٣٣ ساڵ خەڵکی شاری مێهران لە پارێزگای ئیلام و بەڵێندەری کۆمپانیایەکی نەوت لە هەمەدان، لە ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی ئەم شارەدا، بە تەقەی ڕاستەوخۆی گوللەی جەنگی هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کوژرا.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، سەعید تەروەند، گەنجی کوردی ٣٣ ساڵ خەڵکی گوندی «چالاب» لە شاری مێهران لە پارێزگای ئیلام و دانیشتووی شاری هەمەدان، ئێوارەی پێنجشەممە ١٨ بەفرانباری ١٤٠٤، لە کاتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی هەمەدان بە تەقەی ڕاستەوخۆی گوللەی جەنگی هێزەکانی ڕژیم کوژرا. سەرچاوەیەکی ئاگادار ڕایگەیاند کە ئەم هاوڵاتییە وەکو بەڵێندەری کۆمپانیای نەوت لە هەمەدان کاری کردووە و لە ناڕەزایەتییەکاندا لەلایەن هێزەکانی ڕژیم بە گوللەی جەنگی تەقەی لێکراوە.
بە گوتەی ئەم سەرچاوەیە، دوای کوژرانی ئەم هاووڵاتییە، هێزەکانی ڕژیم بۆ پێنج ڕۆژ فشار و هەڕەشیان لە بنەماڵەکەی کردووە و تەنیا دوای وەرگرتنی بەڵێننامەی نووسراو تەرمەکەی ڕادەستی بنەماڵەکەی کرایەوە. تەرمی سەعید تەروەند ڕۆژی سێشەممە ٢٣ بەفرانباری ١٤٠٤، لە زێدی خۆی، لە گوندی “چالاب” لە شاری مێهران بەخاک سپێردرا.
سەعید تەروەند، خێزاندارە و باوکی منداڵێکی بچووک بوو.
تاکاتی نووسینی ئەم ڕاپۆرتە، هیچ ناوەندێکی فەرمی لەبارەی چۆنێتی کوژرانی ئەم هاوڵاتییە و ناسنامەی بکوژانی تەقەکردنەکە ڕوونکردنەوەیان نەداوە.

