وتەیەک بە بۆنەی ساڵڕۆژی فه‌رمانی جیهادی خومه‌ینی دژبه‌ خه‌ڵكی كوردستان

دوێنی هەینی ٢٧ی گه‌لاوێژ، ساڵڕۆژی ده‌ركردنی فه‌رمانی جیهادی خومه‌ینییه‌ دژ به‌ خه‌ڵكی كوردستان بوو. ٤٤ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له‌ ڕۆژی ٢٧ی گه‌لاوێژدا، خومه‌ینی فه‌رمانی به‌ هێزه‌كانی سپا و ئه‌رته‌ش و كۆمیته‌ و داروده‌سته‌ جۆراوجۆره‌ چه‌كداره‌كانی خۆیدا تا له‌ هه‌موو لایه‌كه‌وه‌ په‌لاماری كوردستان بده‌ن و گڕوتینی شۆڕشگێڕانه‌ی جه‌ماوه‌رێكی مافخواز كه بڕیاریان دابوو بە هەموو تواناوە‌ دیفاع بکەن له‌ ده‌ستكه‌وته‌كانیان، سه‌ركوت بكه‌ن. ئه‌و هێرشه‌ له‌ رۆژی ٢٨ی گه‌لاوێژدا ده‌ستی پێكرد.

به‌ڵام هێرش بۆ سه‌ر كوردستان له‌ ٢٨ی گه‌لاوێژی ساڵی ١٣٥٨، ڕووداوێكی له‌ناكاو نه‌بوو. له‌ ڕاستیدا به‌شێك بوو له‌ پڕۆسه‌ی سه‌ركوت كردنی شۆڕشی ئێران. ئه‌م سیاسه‌ته‌ له‌ یه‌كه‌م ساته‌كانی به‌ ده‌سه‌ڵات گه‌یشتنی ڕه‌وتی ئیسلامی، له‌ ده‌ستووری كاریاندا بوو. به‌ر له‌ هێرشی ٢٨ی گه‌لاوێژی ١٣٥٨ بۆسه‌ر كوردستان، خوێندكارانی زانكۆكانیان سه‌ركوت و بزووتنه‌وه‌ی توركه‌مه‌ن سه‌حرایان خه‌ڵتانی خوێن و ناڕه‌زایه‌تیی خه‌ڵكی خوزستانیان سه‌ركوت كرد. كرێكارانی به‌نده‌ر

ئه‌نزه‌لییان له‌ ئیسفه‌هان دایه‌ به‌ر ده‌ستڕێژی گولـله‌. به‌ڵام كۆماری ئیسلامی بۆ سه‌ركوت كردن له‌ كوردستان، پێویستی به‌ ئاماده‌كارییه‌كی زیاتر هەبوو. هه‌ربۆیه‌ هێرش بۆسه‌ر كوردستان له‌چاو هێرش بۆسه‌ر ده‌ستكه‌وتی به‌شه‌كانی دیكه‌ی خه‌ڵكی ئێران، بۆ ماوه‌یه‌ك وه‌دوا كه‌وت.

له‌ كۆتایی مانگی ڕه‌شه‌ممه‌ی ١٣٥٧ و له‌ ده‌سپێكی مانگی گوڵانی ١٣٥٨، له‌ شاره‌كانی مه‌هاباد و سنه‌، به‌ ده‌ستووری فه‌رمانده‌ی پادگانه‌كانی ژێر دەسەڵاتی ڕژیمی نوێ، خه‌ڵكیان دایه‌ به‌ر ده‌ستڕێژی گولـله‌، له‌ مه‌هاباد ٢٠ كه‌س به‌هۆی ته‌قه‌ی ئه‌م هێزانه‌ و له‌ شاری سنه‌ش نزیك به‌ ٢٠٠ كه‌س به‌هۆی تۆپباران، گیانیان له‌ده‌ست دا. هه‌ر ئه‌و كات ڕژیم توانیبووی به‌شێك له‌ كۆنه‌په‌ره‌ستانی ناوچه‌كه‌ش له‌گه‌ڵ خۆی بخات. چه‌كدار كردنی فێئۆدال و عه‌شایر و ڕێكخستنیان له‌ ڕێکخراوێکی كۆنه‌په‌رستانه‌دا له‌ژێر ناوی “شوڕای عه‌شایری كوردستان“، به‌هێزكردنی ڕەوتی ئیسلامیی به‌ ڕێبه‌ریی ئه‌حمه‌د مۆفتی زاده‌ له‌ شاری سنه‌، بەشێک بوون لەم هه‌وڵانه.

ڕۆژی ٣١ی گوڵانی ١٣٥٨ شه‌ڕی نێوان خه‌ڵكی تورك و كوردیان له‌ شاری نه‌غه‌ده‌ هه‌ڵگیرساند و ژماره‌یه‌ك پاسداریان به‌ فه‌رمانی مه‌لا حه‌سه‌نیی كۆنه‌په‌رست، بۆ كوشتن و دزینی مڵك و ماڵی خه‌ڵك ڕه‌وانه‌ كرد. هه‌روه‌ها پاسدارانی كۆماری ئیسلامی، له‌ ڕۆژی ٢٣ی مانگی پووشپه‌ڕ له‌ شاری مه‌ریوان خه‌ڵكیان دایه‌ به‌ر ده‌ستڕێژی گولـله‌ و به‌هۆیه‌وه‌ ٢٤ كه‌س گیانیان له‌ده‌ست دا و ٤٠ كه‌سی دیكه‌ش برینداربوون. هاوكات له‌ شاری سنه‌ش به‌هۆی ته‌قه‌ی هێزه‌كانی ڕژیم چه‌ند كه‌سی دیكه‌ گیانیان به‌خت كرد.

سه‌ره‌نجام له‌ درێژه‌ی ئه‌م جه‌نایه‌تانه‌دا، هه‌روه‌ك چاوه‌ڕوان ده‌كرا، ڕۆژی ٢٨ی گه‌لاوێژ هێرشی نیزامی بۆسه‌ر كوردستان ده‌ستیپێكرد.هێزه‌كانی ڕژیم له‌ دوو میحوه‌ری ورمێ و كامیارانه‌وه‌ په‌لاماریان هێنا بۆسه‌ر ناوچه‌كانی كوردستان. لە بەرامبەر ئەم هێرشەدا و لە وەڵام بە دواکاریی هێزە چەپ و سیاسییەکانی ناو گۆرەپانی خەباتی ئەو کاتی کوردستان و لە سەروو هەموویانەوە کۆمەڵە کە ڕاشکاوانە بە‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی به‌یانییه‌یه‌ك له‌ ژێر ناوی “گه‌لی كورد له‌ كوانوی تاقیكردنه‌وه‌دا‌“، بانگه‌وازی خه‌ڵكی كوردستانی كرد بۆ خۆڕاگیرییەکی هه‌مه‌لایه‌نه‌ له‌ دژی ڕژیمی ئیسلامی؛ خه‌بات و خۆڕاگرییه‌كی كه‌م وێنه‌ له‌ كوردستان كه‌وته‌ ڕێ. ئه‌گه‌رچی موقاومه‌ت له‌ هه‌موو به‌ره‌كاندا گیانفیدایانه‌ بوو، به‌ڵام له‌ یه‌كه‌م‌ هه‌نگاودا، ڕژیم توانیی به‌ كه‌ڵك وه‌رگرتن له‌ هێزی ئاسمانی و تۆپخانه‌، كوردستان بگرێته‌وه‌. زۆری نه‌خایاند كه كۆماری ئیسلامی‌ وه‌ك ڕژیمێكی داگیركه‌ر و بێگانه‌، كه‌وته‌ به‌ر هێرشی به‌ربڵاوی هێزی پێشمه‌رگه‌ و هاوكات خۆپیشاندانی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك له‌ شاره‌كان ده‌ستیپێكرد و دوای تێپه‌ڕینی ٣ مانگ، هاوسه‌نگیی هێز به‌ قازانجی خه‌ڵك گۆڕا و ڕژیمی ناچار به‌ پاشه‌كشه‌ و ئاگربه‌ست و هاتنه‌ سه‌ر مێزی وتووێژ كرد.

گه‌ڕانه‌وه‌ی دووباره‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ی ڕێكخراوه‌ سیاسییه‌كان بۆ شاره‌كان و پێشوازیی شكۆداری خه‌ڵك و په‌ره‌سه‌ندنی چالاكیی سیاسی و پێكهاتنی شورا و ڕێكخراوه‌كان و هه‌روه‌ها ده‌سه‌ڵاتداریه‌تیی خه‌ڵك به‌سه‌ر چاره‌نووسیی خۆی، شكستی به‌ هێرشی كۆنه‌په‌رستانه‌ی ٢٨ی گه‌لاوێژی ساڵی ٥٨ی ڕژیم هێنا و بزووتنه‌وه‌ی شۆڕشگێڕانه‌ی كوردستانی برده‌ قۆناخێكی دیكه‌ له‌ خه‌بات و خۆڕاگری. خه‌ڵك به‌ تایبه‌ت لاوان، نوێترین شێوه‌كانی ڕێكخستنی كۆمه‌ڵگایان به‌كار هێنا و له‌ زۆر شوێنی كوردستان به‌ شێوه‌یه‌كی تەندرووست و دیمۆكراتێك كۆمه‌ڵگایان بەڕێوە دەبرد. ئه‌منییه‌تی گه‌ڕه‌كه‌كان به‌ یارمه‌تیی خه‌ڵك دابین ده‌كرا. بڵاوكردنه‌وه‌ی خۆراك و باقی پێداویستییه‌كانی دیكه‌یان ڕێكخست. خزمه‌تگوزاریی پزیشكی و ده‌رمانی ده‌ستی به‌كار كرده‌وه‌. مه‌دره‌سه‌ و ئیداره‌كانیان كرده‌وه‌ و كێشه‌ و گرفتی خه‌ڵكیان چاره‌سه‌ر ده‌كرد و ئه‌خلاق و هه‌ڵسووكه‌وتی ئینسانی له‌ هه‌موو بوارێكدا په‌ره‌ی پێده‌درا.

له‌ماوه‌ی كه‌متر له‌ ٦ مانگدا كه‌ كۆماری ئیسلامی خه‌ریكی ئاماده‌كاریی و خۆڕێكخستن بۆ هێرشێكی دیكه‌ بوو، هەر بۆیە بەشێک لە هێزە چەپەکانی ئەو کات وەک كۆمه‌ڵه‌ سه‌ره‌ڕای به‌ربه‌سته‌كانی سه‌ر ڕێگای، هه‌وڵی ده‌دا بیروڕای گشتیی له‌ كوردستان بۆ ڕووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ په‌لامارێكی دیكه‌ی حه‌تمیی ڕژیم، ئاماده‌ بكات. كۆماری ئیسلامی له‌ وتووێژێكی واقعی له‌گه‌ڵ “هه‌یئه‌تی نوێنه‌رایه‌تیی خه‌ڵكی كوردستان“ خۆی ده‌دزێوه‌ و به‌ مانۆڕی فریوكارانه‌ له‌ هه‌وڵی وه‌رگرتنی ده‌رفه‌تی زیاتر دابوو. سه‌ره‌نجام كاتێك ڕژیم ئاماده‌كارییه‌كانی كامڵ بوو، ڕێكه‌وتنی ئاگربه‌ستی نایه‌ ژێر پێ و له‌ مانگی خاكه‌لێوه‌ی ١٣٥٩ هێرشی دووباره‌ی خۆی بۆسه‌ر كوردستان، ئه‌مجاره‌یان له‌ میحوه‌ری كامیاران– سنه‌وه‌، ده‌ستپێكرد. خۆڕاگری خه‌ڵكی كوردستان له‌ به‌رامبه‌ر هێرشی كۆماری ئیسلامیدا هه‌ڵگری گه‌لێك ده‌رس و ده‌ستكه‌وته‌ كه‌ تا به‌ ئه‌مڕۆش سه‌رمایەیەکی به‌نرخی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستانە له‌ خه‌باتێكدا كه‌ بۆ وه‌دی هێنانی ئامانجه‌كانی به‌ره‌وڕوویه‌تی.

خه‌ڵكی كوردستان بۆ یه‌كه‌م جار ده‌سه‌ڵاتداریه‌تی له‌ خواره‌وه‌، واته‌ ده‌سه‌ڵاتداریه‌تیی شۆراییان ئەزموون كرد. ئازادیی بێ شه‌رت و مه‌رجی سیاسییان به‌كرده‌وه‌ ده‌رهێنا. جه‌ماوه‌ری كرێكار و زه‌حمه‌تكێشی ڕێكخراو له‌ناو ڕیزه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ پاشماوه‌كانی نیزامی فێئۆدالییان سڕییه‌وه‌، ژنان له‌ ئاستێكی به‌ریندا هاتنه‌ مه‌یدانی چالاكییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، به‌ردی بناغه‌ی په‌روه‌رده‌ و فێركردنی پێشكه‌وتوو دامه‌زرا. بۆ یه‌كه‌م جار خه‌ڵك خۆی له‌ژێر باری سته‌م و هه‌ڵاواردنی نه‌ته‌وه‌ییدا نه‌ده‌بینی. ئه‌و خۆڕاگریه‌ی كه‌ له‌ به‌رامبه‌ر ڕژیمدا هاته‌ ئاراوه‌، له‌ ڕاستیدا دیفاع له‌و ده‌ستكه‌وتانه‌ بوو.

ڕژیم به‌رده‌وام خه‌ریكی پیلانگێڕی بۆ ناكۆكینانه‌وه‌ له‌ناو‌ ڕیزه‌كانی خۆڕاگری خه‌ڵكی كوردستاندا بوو. هه‌ر له‌و سه‌رده‌مه‌دا “هه‌یئه‌تی نوێنه‌رایه‌تیی گه‌لی كورد“، به‌ به‌شداریی هێزه‌ چالاکەکانی له‌ بزووتنه‌وه‌ی خۆڕاگری خه‌ڵكی كوردستاندا پێكهات و به‌ شێوه‌ی نێوبه‌ره‌یی، یه‌كگرتوویی خه‌ڵكی كوردستانی له‌ به‌رامبه‌ر ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندیدا دابین كرد و به‌ڕێوه‌بردنی سه‌رتاسه‌ریی كاروباری كوردستانی به‌ده‌سته‌وه‌ گرت. بانگه‌وازی پێكهێنانی شۆاری شاری سنه‌، ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی دیمۆكراتیك و قه‌بووڵ كردنی ئاكامه‌كانی، داڕشتنی بنه‌ماكانی وتووێژ له‌گه‌ڵ دوژمن و په‌ره‌پێدان بە كلتوور و سیاسه‌تی ڕاهێن له‌م بواره‌دا. به‌شداری كردن له‌ هه‌ڵبژاردنی مه‌جلیس له‌ ساڵی ١٣٥٨ و ناساندنی نوێنه‌ر بۆ گشت ناوچه‌كانی كوردستان. ئه‌گه‌رچی هێزە چەپ و کومونیستەکان به‌و پێناسه‌یه‌ی كه‌ له‌ ڕژیمی نوێ بوویان، ده‌یانزانی كه‌ پێی هیچ نوێنه‌رێك له‌ كوردستانه‌وه‌ به‌ مه‌جلیس ناگات، به‌ڵام به‌شداری كردنی تێیدا له‌پێناو ئاماده‌كردنی خه‌ڵك بۆ خۆڕاگرییەک كه‌ له‌ ڕێدا بوو، به‌ پێویست ده‌زانی.

پته‌وكردنی پێگه‌ی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تیی كادره‌ كۆمۆنیسته‌كان له‌ كۆمه‌ڵگا به‌ گرتنه‌به‌ری سیاسه‌تی جه‌ماوه‌ری، كه‌ هاوپشتیی خه‌ڵكی كوردستانی له‌ به‌رامبه‌ر كۆماری ئیسلامی به‌هێز ده‌كرد. له‌وانه‌ كۆچی مێژوویی خه‌ڵكی مه‌ریوان، مانگرتنی یه‌ك مانگه‌ی خه‌ڵكی سنه‌ بۆ وه‌ده‌رنانی پاسداره‌كان له‌ شار، ڕێپێوانی هه‌زارن كه‌س بۆ ئازادی به‌ندكراوانی سیاسی، پێكهێنانی جه‌معیه‌ته‌ دیمۆكراتیكه‌كان، پێكهێنانی یه‌كیه‌تیی جووتیاران. به‌مجۆره‌ بوو كه‌ كۆمۆنیسم له‌ سیمای هێزێکی وەک كۆمه‌ڵه‌دا، بوو به‌ ڕه‌وتێكی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌ كوردستان.

ئه‌گه‌رچی ڕژیم سه‌ره‌نجام توانیی له‌ بواری شه‌ڕی چه‌كداریدا زاڵ بێت، به‌ڵام نه‌یتوانی هیچ سه‌نگه‌رێك به‌ بێ تێپه‌ڕین له‌ خۆڕاگرییەکی قاره‌مانانه‌ بگرێته‌وه‌. خۆڕاگرییەک كه‌ به‌رده‌وامبوونی بزووتنه‌وه‌ی شۆڕشگێڕانه‌ی خه‌ڵكی كوردستانی له‌ بوار و له‌ سه‌نگه‌ره‌ جۆراوجۆره‌كاندا دابین كرد. خۆڕاگرییەک كه‌ هاوسه‌نگییه‌كی هێزی باشتری له‌ به‌رامبه‌ر كۆماری ئیسلامیدا بۆ خه‌ڵكی كوردستان خوڵقاند.

ڕۆژی ٢٨ی گه‌لاوێژ، ڕۆژی به‌رزڕاگرتنی بیره‌وه‌ریی ئه‌و ئازیزه‌ خه‌باتكارانه‌یه‌ كه‌ له‌ ڕێگای ئازادی و بەرگری له‌ كه‌رامه‌تی ئینسانی، خه‌ڵتانی خوێن كران. ڕۆژی وه‌بیرهێنانه‌وه‌ی فیداكاری و بەرگری خه‌ڵكی شه‌ریف و خه‌باتكاری شار و گونده‌كانی كوردستان و ڕۆژی به‌رزڕاگرتنی یادی ئه‌و كۆمۆنیستانه‌یه‌ كه‌ له‌ گۆشه‌ و كه‌ناری ئێرانه‌وه‌ بۆ بەرگری کردن له‌ جه‌ماوه‌رێك كه‌ له‌گه‌ڵ دوژمنی خوێنڕێژ له‌ شه‌ڕێكی نابه‌رابه‌ردا بوون، هاتن و گیانیان به‌خت كرد. یادی ئه‌و ڕۆژه‌ و یادی هه‌موو ئه‌و خه‌باتكارانه‌ی كه‌ تا به ئه‌مڕۆ له‌ سه‌نگه‌ری خه‌بات بۆ ئازادی و به‌رابه‌ری و خۆشبژیوی مرۆڤه‌كاندا خه‌باتیان كردووه‌، به‌رز و به‌ڕێز بێت.

کۆڵبەرنیوز

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

Next Post

برینداربوونی کۆڵبەرێک لە نەواری مەرزی بانە

ش آگوست 19 , 2023
ڕەئوف ڕەسووڵی کۆڵبەرێکی خەڵکی شاری بانە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی هەنگی مەرزی لە ناوچەی سنووری “برویشکانی” سەر بە شاری بانە بە سەختی بریندار بوو. بەپێی ڕاپۆرتی کۆلبەرنیوز، ڕۆژی هەینی ٢٧ی گەلاوێژی ١٤٠٢، ڕەئوف ڕەسووڵی کۆڵبەرێکی خەڵکی شاری بانە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی هەنگی مەرزی لە ناوچەی سنووری “برویشکانی” شاری بانە […]

You May Like