
هاوکات لەگەڵ بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی چلەی موجتەبا و مەیسم وەیسی، دوو برای کۆچکردووی خەڵکی کرماشان، هێزەکانی ڕژێم بە دەستبەسەرکردنی دوو کەس لە خزمە نزیکەکانی ئەم بنەماڵەیە، بەردەوامییان دا بە گوشارەکانی سەر بنەماڵە دادخوازەکان؛ کارێک کە لە ڕێوڕەسمی یادکردنەوەی ئەم دوو کۆچکردووەدا و بەبێ هیچ ڕوونکردنەوەیەک سەبارەت بە چارەنووسی دەستبەسەرکراوان ئەنجام دراوە.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ئێوارەی چوارشەممە ١٧ی پووشپەڕی ١٤٠٥، فوئاد وەیسی، تەمەن ٣٥ ساڵ و برای موجتەبا و مەیسم وەیسی، لەگەڵ فەرهاد غەفووریزادە، پورزای ئەم دوو برایە، لەلایەن هێزەکانی ڕژێم لە شەقامێکی شاری کرماشان دەستبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزران.
بەپێی زانیارییەکان، ئەم دەستبەسەرکردنانە لە دۆخێکدا ئەنجام دراون کە بنەماڵە و کەسوکاری موجتەبا و مەیسم وەیسی خەریکی ئامادەکاری بۆ بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی چلەی ئەم دوو کۆچکردووە بوون. هاوکاتبوونی ئەم کارە لەگەڵ بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی یادکردنەوەکە، نیگەرانییەکانی سەبارەت بە زیادبوونی گوشارە ئەمنییەکان بۆ سەر بنەماڵە دادخوازەکان چڕتر کردووەتەوە.
تا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، سەرەڕای تێپەڕبوونی چەندین کاتژمێر لە کاتی دەستبەسەرکردنەکە، هیچ زانیارییەک سەبارەت بە لایەنی دەستبەسەرکەر، هۆکارەکانی دەستبەسەرکردن، تۆمەتەکانی دژیان یان شوێنی ڕاگرتنی فوئاد وەیسی و فەرهاد غەفووریزادە بڵاو نەکراوەتەوە و بنەماڵەی ئەم دوو هاووڵاتییە هێشتا لە بێئاگایی تەواودان لە دۆخی ئەوان.
موجتەبا و مەیسم وەیسی، لە چالاکوانانی مەدەنی، پەیڕەوانی ئایینی یارسان و لە دامەزرێنەرانی کتێبخانەی شارۆچکەی دەرەدرێژی کرماشان، ڕۆژی ٧ی جۆزەردانی ١٤٠٥، لە کاتی گەمارۆدانی شوێنی نیشتەجێبوونیان لە گوندی قەڵاکەوەش لە شاری دالاهۆ، بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سوپای پاسداران گیانیان لەدەستدا.
ئەم دوو برایە پێش کوژرانیان، بەهۆی چالاکییە مەدەنی، کولتووری، ئایینی و وەرزشییەکان، چەندین جار لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکان بانگهێشت و دەستبەسەر کرابوون. هەروەها لە کاتی خۆپیشاندانە سەرتاسەرییەکانی ساڵی ڕابردوو، لە دوای چڕبوونەوەی ڕاوەدوونان و هەڕەشە ئەمنییەکان، ناچار بە ژیانی نهێنی ببوون.

