دوو کۆڵبەر خەڵکی شارەکانی مەهاباد و بانە لە کاتی ئەشکەنجە و بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی هەنگی مەرزی لە سنوری هەنگەژاڵ – بانە بریندار بوون.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، سەرلەبەیانی هەینی ٢٠ ڕێبەندانی ١٤٠٢، هێزەکانی هەنگی مەرزی تەقەیان لە کۆمەڵێک کۆڵبەر لە سنووری هەنگەژاڵ کرد و لە ئەنجامدا دوو کۆڵبەر بە سەختی دەست و قاچیان بریندار بوون. ناسنامەی ئەم کۆڵبەرانە، “یوسف مەهابادی”، ٢٦ ساڵ و خەڵکی مەهاباد و “فەرزاد”بۆ کۆڵبەرنیوز پشتڕاستکراوە.
بەپێی سەرچاوەکان، ئەم کۆڵبەرانە لە لایەن پاسەوانانی سنووری ڕژێم دەستگیر و ئەشکەنجە دراون و لە چەند مەتریەوە تەقەیان لێ کراوە. ئەم سەرچاوانە ئاماژەیان بە عەقید مورادی کرد کە دەستی هەیە لە هەراسان کردن و ئەشکەنجەدانی کۆڵبەران و تەقە کردنی ڕاستەوخۆ بەسەریاندا.
بەپێی ئەو ئامارانەی ٢٠٢٣ لە کۆڵبەرنیوز تۆمارکراون، ٢٩٩ کۆڵبەر لە سنورەکان و ڕێگای نێوان پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان و کرماشان بە هۆکارەکانی وەک تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕژێم، هەرەسی ڕەنوو، بەستەڵەک، کەوتنە سەر مین، کەوتنە خوار لە شاخ و بەرزایی و حاڵەتی دیکە کوژران و بریندار بوون. لەم ژمارەیە ٣٢ کۆڵبەر (١١%) کوژران و ٢٦٧ کۆڵبەر (٨٩%) بریندار بوون. لە گشتیدا ٢٩٩ کۆڵبەر کە کوژران و بریندار بوون، ٢٦١ حاڵەت (٨٧%) بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکان بووە. لە گشتیدا ٢٩٩ کۆڵبەر کە کوژران و بریندار بوون، ٣٠ لەوانە منداڵی خوار ١٨ ساڵن.