نازەنین ئەلیاسی، هاوڵاتی شاری مهاباد لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی مهابادەوە دەستگیر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە. ژمارەی دەستگیرکراوانی مهاباد لە ڕۆژانی ڕابردوودا گەیشتە ١٤ هاوڵاتی.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی دووشەممە ٢٦ی سەرماوەزی ١٤٠٣ هێزە ئەمنییەکانی شاری مهاباد لە درێژەی شەپۆلی دەستبەسەرکردنەکانی ڕۆژانی ڕابردوودا، هاوڵاتییەکی دیکەشیان دەستگیر کرد. ناسنامەی ئەم هاوڵاتییە نازەنین ئەلیاسی، بۆ کۆڵبەرنیوز ڕاگەیەندراوە. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە هێزە ئەمنییەکان ئەم هاوڵاتییەیان لە ڕێگەی پێوەندی تەلەفۆنییەوە بانگهێشت کردووە و پاش چوونی ناوبراو بۆ ئەم ناوەندە ئەمنییە، دەستگیر کراوە.
تا کاتی نووسینی ئەم ڕاپۆرتە زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکران، شوێنی مانەوە و ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی ئەم هاوڵاتییە کراون، لەبەردەستدا نییە.