مووسا ڕەسووڵی و سۆران محەممەدپوور، دوو هاوڵاتیی خەڵکی پیرانشار، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرانەوە. بەمجۆرە ژمارەی دەستبەسەرکراوانی ئەمدواییە بۆ ٤ کەس بەرز بووەتەوە.
بە پێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی هەینی ٧ی بەفرانباری ساڵی ١٤٠٣، مووسا ڕەسووڵی، هاوڵاتی تەمەن ٣٠ ساڵی خەڵکی گوندی “خورینج”ی سەر بە پیرانشار و سۆران محەمەدپوور، هاوڵاتیی خەڵکی پیرانشار، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئەم شارەوە بۆ شوێنێکی نادیار گوازراونەتەوە. به پێی ئەم ڕاپۆرتە هيزە ئەمنییەکان بە بێ بڕیاری دادگا ئەم هاوڵاتییانەیان دەستبەسەر کردووە.
هەر لەم پێوەندییەدا کۆڵبەرنیوز پێشتر هەواڵی دەستبەسەرکردنی دوو هاووڵاتیی دیکەی خەڵکی گوندی پەسوێی لەم شارە بە ناوەکانی ئارام محەممەدی و بێهزاد مەحموودی بڵاو کردبۆوە.
تا ساتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکار و شوێنی دەستبەسەرکران و ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی ئەم هاوڵاتیانە کراون لەبەردەستدا نییە.