کۆڵبەرێک لەلایەن هێزەکانی هەنگی مەرزی بازگەی شوهەدا ملەندوو، لە سنووری پاوە لێدان و ئەشکەنجە کرا و بە سەختی برینداربوو.
بە پێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز ڕۆژی چوارشەممە ٢٦ی بەفرانباری ١٤٠٣ هێزەکانی هەنگی مەرزی لە بازگەی شوهەدا لە سەرایی ملەندوو لە سنووری پاوە کۆڵبەرێکیان لێدان و ئەشکەنجە کرد و لە ئەنجامدا بە سەختی برینداربوو. ناسنامەی کۆڵبەرە بریندارەکە بۆ کۆڵبەرنیوز پشتڕاست نەکراوەتەوە. بە پێی ئەم ڕاپۆرتە ئەم کۆڵبەرە خەڵکی شاری مەریوان بووە و بە ئەمبۆڵانس بۆ ناوەندە دەرمانییەکان گواسترایەوە. ئەم کۆڵبەرە لە کاتێکدا هیچ بارێکی هەڵنەگرتووە، لەلایەن هێزەکانی هەنگی مەرزی دەستبەسەرکراوە و بە باتۆم و شەق لێدان و ئەشکەنجە کراوە.
بەپشتبەستن بە ئامارەکانی کۆڵبەرنیوز، لە ساڵی ٢٠٢٤دا، بە کۆی گشتی ٣٤٥ کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکان و ڕێگاکانی نێوان پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان و کرماشان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕژیم، ڕنوو و سەرما، کەوتنەسەر مین، کەوتنەخوارەوە لە شاخ و بەرزایی و ڕووداوی دیکە کوژرا و بریندار بوون. لەم ڕێژەیە ٥٩ کۆڵبەر واتە (١٧٪) کوژراو و ٢٨٦ کۆڵبەر واتە (٨٣٪) بریندار بوون. لە کۆی گشتی ئەو ٣٤٥ کۆڵبەرەی کە لە ساڵی ٢٠٢٤دا کوژراو و بریندار بوون، ٢٥٩ حاڵەت واتە (٧٥٪) بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕژیم ڕوویداوە. هەروەها لەم ژمارەیە ٢٢ کۆڵبەر واتە (٦٪) منداڵانی کۆڵبەری ژێر ١٨ ساڵ بوون کە یەکێکیان بەهۆی سەرما و بەستەڵەکەوە گیانی لە دەستداوە.