سیروس عەباسی و ئازاد عەباسی، دوو مامۆستا و چالاکی فەرهەنگی شاری دێولان دوای بانگهێشتکردنی ئیدارەی ئیتلاعاتی دێولان دەستبەسەر کران.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی شەممە ١٨ی خەرمانانی ١٤٠٢، دوو مامۆستا و چالاکی فەرهەنگی شاری دێولان بە ناوەکانی سیروس عەباسی و ئازاد عەباسی پاش بانگهێشت کردنی بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی دێولان دەستبەسەر کراون.
چەند ڕۆژێک لەمەوبەر سیروس عەباسی چالاکی فەرهەنگی خەڵکی شاری دێولان و ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری موئەسەسەی پەروەردەیی ڕۆژنۆبەری کوردستان هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتی چالاکیی ئەم پەیمانگایەی لەلایەن وەزارەتی پەروەردەوە ڕاگەیاندبوو.
بەگوێرەی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، وەزارەتی پەروەردە مۆڵەتی چالاکیی ئەم پەیمانگایەی هەڵوەشاندووەتەوە بەهۆی “ڕێکخستنی وانەوتنەوە بە زمانی کوردی لە قوتابخانەکان و پاڵپشتیکردنی مامۆستایانی دەستگیرکراو و پشتیوانیکردن لە ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی ساڵی ١٤٠١”. لە ساڵی ١٣٩٦ پەیمانگای پەروەردەیی ڕۆژنۆبار زانستی کوردستان دوای وەرگرتنی مۆڵەتی فەرمی لە وەزارەتی پەروەردە دەستی بە چالاکییەکانی لە بواری پەروەردەی خوێندکارانی ئامادەیی و تاقیکردنەوەی خوێندکاران دەستپێکرد.
ڕۆژی چوارشەممە ٣٠ی خەرمانانی ١٤٠١ سیروس عەباسی و ئازاد عەباسی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی شاری دێولان دەستبەسەر کران و دوای ماوەیەک دواجار دوای دانانی کەفالەت ئازاد کران.