شادمان بەنی بەشەر و ئەحمەد قەمەری، چالاکانی کرێکاری بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە بانگهێشتکران و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵکرا. ئەم هاوڵاتیانە دوای چەند کاتژمێر لێکۆڵینەوە ئازادکران.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی پێنجشەمە ٦ گوڵانی ١٤٠٣، شادمان بەنی بەشەر و ئەحمەد قەمەری، چالاکانی کرێکاری بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە بانگهێشتکران و دوای لێکۆڵینەوە ئازادکران. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، بانگهێشتکردن و لێکۆڵینەوە لە ئەو٢ چالاکە کرێکاریە بەهۆی بەشداری لە ڕێوڕەسمی ڕۆژی جیهانی کرێکار و هەروەها بەشداری لە ڕێوڕەسمی هەشتی مارس ڕۆژی جیهانی ژن بووە.
شایانی باسە لە هەمان ڕۆژ، تۆفیق مەحمودی، تەیب چەتانی و ڕەفیق کەریمی وەکو چالاکانی کرێکاری دیکەی شاری سنە بۆ ئیدارەی ئیتلاعات بانگهێشتکرابوون و دوای لێکۆڵینەوە ئازادکرابوون. بانگهێشت و لێکۆڵینەوەی ئەم ٣ چالاکە کرێکاریە بەهۆی بەشداری ئەوان لە ڕێوڕەسمی ڕۆژی جیهانی کرێکار بووە.
شادمان بەنی بەشەر، پێشتریش بەهۆی چالاکیەکانی دەستبەسەرکراوە و مامەڵەی دادوەری هەبووە.
ئەحمەد قەمەری و شادمان بەنی بەشەر لە ئەندامانی کۆمەڵەی شاخەوانی «چل چەمە»ی سنەن.