ئەکبەر ڕەزانهان و دێلاوەر فەرامەرزی دوو کۆلبەری خەڵکی گوندی “تین” لە شاری پاوە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی هەنگی مەرزی لە هێڵی سنوری نەوسود بریندار کران.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ئێوارەی پێنجشەممە ٢١ بەفرانباری ١٤٠٢، هێزەکانی هەنگی مەرزی لە هێڵی سنوری نەوسود بە تەقەی ڕاستەوخۆ کۆمەڵێک کۆلبەریان کردە ئامانج و لە ئەنجامدا دوو کۆڵبەر بریندار بوون.
ناسنامەی هەردووکیان ئەکبەر ڕازنهان و دلاوەر فەرامەرزی کە هەردووکیان خەڵکی گوندی “تین” لە شاری پاوەن. بە پێی ڕاپۆرتەکە، ئەکبەر ڕەزنەهان قاچی شکاوە و دێلاوەر فەرامەرزیش قاچی بە سەختی بریندار بووە.
ئەم دوو کۆڵبەرە بە مەبەستی چارەسەر بۆ ناوەندە پزیشکی شاری پاوە ڕاگوێزران.
بە پشتبەستن بە ئاماری ٢٠٢٣ لە کۆڵبەرنیوز تۆمارکران، بە گشتی ٢٩٩ کۆڵبەر لە ناوچەی سنووری و ڕێگای نێوان پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان و کرماشان بە هۆکارەکانی وەک تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەربازیەکانی ڕژێم، بەفربارین و بەستەڵەک گیانیان لەدەستدا، هەنگاو بۆ سەر مینی چێندراو، کەوتنە خوارەوە لە شاخ و بەرزایی و حاڵەتی دیکە کوژران و بریندارن. لەم کۆی گشتییە ٣٢ کۆڵبەر (١١%) کوژران و ٢٦٧ کۆڵبەر (٨٩%) بریندارن. لە کۆی گشتی ٢٩٩ کۆڵبەر کە کوژران و بریندارن، ٢٦١ حاڵەت (٨٧%) بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەربازییەکان بووە. هەروەها ٣٠ کەسیان منداڵی خوار تەمەن ١٨ ساڵن.