«جەلیل محەممەدی و کەماڵ ئاخرەتی» دوو چالاکی کرێکاری و مەدەنی شاری سنە بە دانانی بارمتە لە زیندانی ناوەندی شاری سنە ئازاد کران.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی یەکشەممە ١٩ی ڕەشەمەی ١٤٠٣، جەلیل محەممەدی، لە چالاکانی ناسراوی کرێکاری و کەماڵ ئاخرەتی، لە چالاکانی مەدەنی شاری سنە بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ ملیۆن تمەن بۆ هەر یەکێکیان بە شێوەی کاتی و تا تەواوبوونی پرۆسەی دادگاییەکەیان لە زیندانی ناوەندی شاری سنە ئازاد کران.
ڕۆژی پێنجشەممە ٤ی ڕێبەندانی ١٤٠٣، جەلیل محەممەدی، لە چالاکانی خۆشناو و ناسراوی بزووتنەوەی کرێکاری و لە ئەندامانی کۆمیتەی هەماهەنگی بۆ هاوکاری ڕێکخراوە کرێکارییەکان، پاش ڕۆژێک لە مانگرتنی کاسبکاران لە شارەکانی کوردستان کە لە ناڕەزایەتی دژی سزای لەسێدارەدان بەڕێوەچوو، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی شاری سنەوە بەبێ بڕیاری دادوەر دەستبەسەر و بۆ گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارە گواسترابوویەوە. جەلیل محەممەدی، پێشتریش بەهۆی چالاکیە مەدەنی و کرێکاریەکانی خۆیەوە دەستبەسەر و سزای
یاسایی هەیە.
ڕۆژی پێنجشەممە ٤ی ڕێبەندانی ١٤٠٣، کەماڵ ئاخرەتی، هاوڵاتی شاری سنە، پاش ڕۆژێک کە مانگرتنی کاسبکاران لە شارەکانی کوردستان لە ناڕەزایەتی دژی سزای لەسێدارەدان بەڕێوەچوو، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی شاری سنەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.
ڕۆژی چوارشەمە ٣ی ڕێبەندانی ١٤٠٣، کاسبکاران و دوکانداران لە شارەکانی کوردستان وەکو سنە، سەقز، کامێران، بۆکان، دیواندەرە و مەریوان، لە ناڕەزایەتی دژی سزای لەسێدارەدان، چالاکیەکانی ڕۆژانەی خۆیان ڕاگرت و دەستیان بە مانگرتن کرد.
تا کاتی نووسینی ئەم ڕاپۆرتە، لە هۆکارەکانی دەستبەسەرکردن و تۆمەتەکانی دژی ئەم هاوڵاتیانە زانیارییەک لەبەردەستدا نییە.