پارێزەرانی «شەریفە محەممەدی»، چالاکی کرێکاری و ئەندامی پێشووی کۆمیتەی هەماهەنگی بۆ دروستکردنی ڕێکخراوە کرێکارییەکان، هەواڵی دەرچوونی دووبارەی سزای لەسێدارەدان بۆ پارێزراوەکەیان ڕایانگەیاند.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٥ی ڕێبەندانی ١٤٠٣، محەممەد ڕەزا نەزری نژاد و محەممەد ڕەزا سەروەری، پارێزەرانی شەریفە محەممەدی، هەواڵی دەرچوونی دووبارەی سزای لەسێدارەدان دژی ئەم ئەندامەی پێشووی کۆمیتەی هەماهەنگی بۆ دروستکردنی ڕێکخراوە کرێکارییەکانیان ڕاگەیاند. ئەم هەواڵە لە کاتێکدا بڵاو دەبێتەوە کە پێشتر لە ڕەزبەری ئەمساڵدا، دیوانی باڵای وڵات سزای لەسێدارەدانی ناوبراوی هەڵوەشاندبۆوە.
شەریفە محەممەدی، لە سەرماوەزی ١٤٠٢، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و بۆ ماوەیەکی درێژ لە گرتووخانەکاندا زیندانی و ڕووبەڕووی لێدان و ئەشەکەنجە بۆوە. لقی یەکی دادگای ئینقلابی ڕەشت لە پووشپەڕی ١٤٠٣، ناوبراوی بە تۆمەتی «بەغی» بە لەسێدارەدان مەحکوم کردبوو.
ئەم هەواڵە لەکاتێکدا بڵاو دەبێتەوە کە لەم دواییەدا سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی، توێژەری کۆمەڵایەتی لە دیوانی باڵای وڵات پەسەند کراوە. دەرچوون و پەسەندکردنی سزاکانی لەسێدارەدان بۆ چالاکانی مەدەنی و کرێکاری لە ئێران، نیگەرانییەکی زۆر جددی لەبارەی دۆخی مافی مرۆڤ لەم وڵاتەدا دروست کردووە.