جێبەجێکردنی حوکمی زیندانیکردنی ئالان محەمەدی، کۆڵبەری گەنجی خەڵکی شاری مەریوان

ئالان محەمەدی، کۆڵبەری گەنجی خەڵکی شاری مەریوان لە ڕەشەمەی ١٤٠٣دا بەهۆی تەقەی هێزەکانی هەنگی مەرزی لە سنووری «هەنجیران» بە سەختی برینداربوو، بۆ جێبەجێکردنی سزای زیندانییەکەی بۆ زیندانی شاری مەریوان گواسترایەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی دووشەمە ٢٢ی گوڵانی ١٤٠٤، ئالان محەمەدی، کۆڵبەری گەنجی خەڵکی شاری مەریوان بۆ بەسەربردنی پێنج ساڵ زیندانی تەعزیری بۆ زیندانی شاری مەریوان گواسترایەوە.

دادگای شاری مەریوان لە خاکەلێوەی ١٤٠٤دا، ئەم کۆڵبەرە گەنجەیان بە پێنج ساڵ زیندانی تەعزیری و پێدانی شەش ملیارد تمەن سزای نەقدی مەحکووم کرابوو.

لە ئێوارەی ڕۆژی چوارشەمە، ٢٣ی ڕەشەمەی ١٤٠٢، ئالان محەمەدی لە سنووری «هەنجیران» لە شاری مەریوان لە کاتێکدا کە هیچ کۆڵێکی هەڵنەگرتبوو، بە گوللە کرایە ئامانج و لە کەمەریدا بە سەختی برینداربوو. بەهۆی سەختی برینەکانییەوە کە گوورچیلەی ناوبراو بە سەختی برینداربوو و هەمان شەو بە فریاکەوتنی هەوایی بۆ نەخۆشخانەی کەوسەری شاری سنە گواسترایەوە و نەشتەرگەری بۆکراوە. ئەم کۆڵبەرە گەنجە پاش دەرچوونی لە نەخۆشخانە بە پێدانی بارمتەی هەشت ملیارد تمەن بە شێوەی کاتی ئازادکرا.

بەپێی ڕاپۆرتی سەرچاوە ئاگادارەکان، ئالان محەمەدی هەروەها بەهۆی برینەکانییەوە ئازاری هەبووە و مانگانە پێویستی بە دوو نەوبەتی دیالیز و دانیشتنی فیزیۆتراپی هەیە. سەرەڕای ئەم دۆخە سەختەی جەستەیی، حوکمی سەنگینی زیندانیکردنی ناوبراو جێبەجێکراوە.

جێبەجێکردنی ئەم حوکمە کاردانەوەی بەرفراوانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و لەنێو چالاکانی مەدەنی هەبووە و زۆربەیان ئەوە بە نموونەی فشار بۆسەر کۆڵبەران و گرنگینەدانی ناوەندە دادوەرییەکان بە دۆخی ئینسانی زیندانییان دەزانن.

بەپێی ڕاپۆرتی تۆمارکراو لە کۆڵبەرنیوز، لە ساڵی ١٤٠٣دا، بە کۆی گشتی ١٨٣ لە ناوچە سنوورییەکان و ڕێگاکانی نێوان پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان و کرماشان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕژیم، ڕنوو و سەرما، کەوتنەسەر مین، کەوتنەخوارەوە لە شاخ و بەرزایی و ڕووداوی دیکە کوژران و بریندار بوون. لەم هەژمارەدا ٥٢ کۆڵبەر واتە (٢٨٪) کوژران و ١٣١ کۆڵبەر واتە (٧٢٪) برینداربوون. لە کۆی گشتی ١٨٣ کۆڵبەر کە لە ساڵی ١٤٠٣دا کوژراو و بریندار بوون، ١٤٣ حاڵەتیان واتە (٧٨٪) بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکانی ڕژیم ئەنجام دراوە. لە کۆی گشتی ١٨٣ کۆڵبەر کە لە ساڵی ١٤٠٣دا کوژراو و بریندار بوون، ١١ کەسیان واتە (٦٪) منداڵانی کۆڵبەری ژێر ١٨ ساڵ بوون کە یەک لەوان بەهۆی سەرمابردووییەوە گیانی لەدەستداوە.

کۆڵبەرنیوز

You May Like