لە ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا، چوار هاوڵاتی خەڵکی شاری شنۆ بە ناوانی شاهۆ ئیبراهیمی، فەرعان چوپان، شەفیع ئەحمەدی و سەراج ئەلیاسی تەمەن ١٦ ساڵ، لەلایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەستبەسەرکران و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترانەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ئەم دەستبەسەرکرانە لە ڕۆژانی ٢٢ و ٢٣ سەرماوەزی ١٤٠٤ و بەبێ بڕیاری دادوەر ئەنجامدراوە. تا کاتی نووسینی ئەم ڕاپۆرتە، هۆکاری دەستبەسەریی، تۆمەتەکانی دژیان و شوێنی زیندانیی ئەم هاوڵاتییانە نادیارە و ناوەندەکانی ئەمنی وەڵامی بنەماڵەکانیان نادەنەوە.
لەم نێوانەدا، شاهۆ ئیبراهیمی، هاوڵاتی کورد خەڵکی گوندی «ئاڵکاوی» لە شنۆ، ڕۆژی یەکشەممە ٢٢ سەرماوەزی ١٤٠٤، پاش ئەوەی بە بیانووی ڕۆشتن بۆ ئیدارەی «ناوەندی کشتوکاڵ» بۆ ئەم ناوەندە بانگهێشتکرابوو، لەلایەن هێزەکانی ڕژیم لە ئیدارەی ئیتلاعات دەستبەسەرکرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترانەوە. ئەم دەستبەسەرکرانە بەبێ بڕیاری دادوەر بووە.
شاهۆ ئیبراهیمی برای شوانە ئیبراهیمی، زیندانیی سیاسی کە سەرلەبەیانی پێنجشەممە ١٣ سەرماوەزی ١٤٠٤، بە هێرشی هێزەکانی ڕژیم بۆ ماڵەکەی لە گوندی «ئاڵکاوی»، بە توندوتیژی و بەبێ بڕیاری دادوەر دەستبەسەرکراوە و بە تێپەڕینی ١١ ڕۆژ، هێشتا چارەنووس، شوێنی زیندانی و دۆخی یاسایی ناوبراو نادیارە.
هێشتا سەراج ئەلیاسی، لاوی تەمەن ١٦ ساڵ خەڵکی گوندی «حەسەن ئاوا» “ئاسناوێ” لە شنۆ، دەستبەسەرکراوێکی دیکەی ئەم دواییەیە کە سەرلەبەیانی یەکشەممە ٢٣ سەرماوەزی ١٤٠٤، لەلایەن هێزەکانی ڕژیم دەستبەسەرکرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.

