لە ساڵی ١٤٠٣، ٧٥٠ هەزار خوێندکار بەهۆی هەژاری وازیان لە خوێندن هێناوە کە لەم ژمارەیە ١٥٠ هەزار خوێندکار لە قۆناغی سەرەتایی بوون.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، سەرۆکی یەکێتی سنفی کەرەستەی نووسینی تاران ڕایگەیاند لە ساڵی ١٤٠٣، زیاتر لە ٧٥٠ هەزار خوێندکار لە سەرانسەری وڵات بەهۆی هەژاری و بێتوانایی لە خەرجی خوێندن، وازیان لە خوێندن هێناوە. بە گوتەی ناوبراو، لەم ژمارەیە ١٥٠ هەزار خوێندکار لە قۆناغی سەرەتایی بوون.
موحسیین گوڵستانی، سەرۆکی ئەم یەکێتییە، لەبارەی فشاری دارایی لە خەرجییەکانی پەروەردە گوتی؛ «زۆری خەرجییەکانی خوێندن، کڕینی کەرەستەی نووسین و ئامێرەکانی دیکە، زۆرینەی بنەماڵەکانی خستۆتە قەیرانەوە و بەم شێوەیە سەدان هەزار خوێندکار وازیان لە خوێندن هێناوە».
دیاردەی وازهێنان لە خوێندن لە ئێران لە ناوچەکانی دوورەدەستی وڵاتڕەهەندی فراوانتری هەیە. کارناسانی بواری پەروەردە و چالاکانیی مافی منداڵ چەندین جار لە فراوانیی ئەم قەیرانە هۆشداریان داوە.
بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندی کۆمەڵەی چالاکانی مافی مرۆڤ لە ئێران، لە ساڵی ١٤٠٣ لانیکەم سێ ملیۆن خوێندکار لە وڵات وازیان لە خوێندن هێناوە؛ ئامارێک کە زەنگێکی مەترسیدارە بۆ داهاتووی پەروەردە و کۆمەڵایەتی ئێران.

