ئاریان کەرەمی، کاسبکاری شاری مەریوان و دوو هاوڵاتی دیکە بە ناوەکانی گوڵاڵە محەمەدی و مەحموود کەرەمی بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی هەنگی مەرزییەوە برینداربوون.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ئێوارەی هەینی ٢٤ی ڕەشەمەی ١٤٠٣، هێزەکانی هەنگی مەرزی شاری مەریوان لە دەوروبەری گوندی «دەرکی» ئۆتۆمبێلی کاسبکارێک بە ناوی ئاریان کەرەمی، خەڵکی گوندی «زەکەریان» سەربە شاری مەریوان بە تەقەی ڕاستەوخۆ کرانە ئامانج و بەهۆیەوە ئەم کاسبکارە بە سەختی برینداربوو. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، پاش ئاگاداربوونی بنەماڵەی ئەم کاسبکارە و ئامادەبوونیان لە شوێنەکە، هێزەکانی هەنگی مەرزی بە تەقەی ڕاستەوخۆ ئەوانیان کردە ئامانج و دوو کەس بە ناوەکانی گوڵاڵە محەمەدی و مەحموود کەرەمی لە ئەندامانی بنەماڵەی ئاریان کەرەمی، بە سەختی برینداربوون.
شایانی باسە، ئەم سێ هاوڵاتییە بۆ چارەسەرکردنیان بۆ ناوەندە دەرمانییەکانی شاری مەریوان گواسترانەوە.
بەپشتبەستن بە ئامارەکانی کۆڵبەرنیوز، لە ساڵی ٢٠٢٤دا، بە کۆی گشتی ٣٤٥ کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکان و ڕێگاکانی نێوان پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان و کرماشان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕژیم، ڕنوو و سەرما، کەوتنەسەر مین، کەوتنەخوارەوە لە شاخ و بەرزایی و ڕووداوی دیکە کوژرا و بریندار بوون. لەم ڕێژەیە ٥٩ کۆڵبەر واتە (١٧٪) کوژراو و ٢٨٦ کۆڵبەر واتە (٨٣٪) بریندار بوون. لە کۆی گشتی ئەو ٣٤٥ کۆڵبەرەی کە لە ساڵی ٢٠٢٤دا کوژراو و بریندار بوون، ٢٥٩ حاڵەت واتە (٧٥٪) بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕژیم ڕوویداوە. هەروەها لەم ژمارەیە ٢٢ کۆڵبەر واتە (٦٪) منداڵانی کۆڵبەری ژێر ١٨ ساڵ بوون کە یەکێکیان بەهۆی سەرما و بەستەڵەکەوە گیانی لە دەستداوە.