لە ڕووداوێکی هەژێنەر و دڵتەزێندا، پەنابەرێکی ئێرانی بەناوی پوریا خاوری بەهۆی لێدان و ئەشکەنجەی زۆر لەلایەن هێزەکانی پۆلیسی پۆڵەندا لە سنوری هاوبەشی نێوان هەردوو وڵات گیانی لەدەستدا. ٢ پەنابەری دیکە لەم ڕووداوەدا برینداربوون.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز ئەم ٣ پەنابەرە نزیکەی ٢٠ ڕۆژە لە دۆخێکی سەخت و تاقەتپڕوکێنی ناوچەی سنوری پۆڵەندا و بیلاڕووس سەرگەردان بوون و چەندین جار لەلایەن هێزەکانی ئەمنی هەردوو وڵات گەڕێنراونەتەوە. هەفتەیەک پێشتر، هێزەکانی پۆلیسی پۆڵەندا هەر ٣ پەنابەرە ئێرانیەکە دەستگیرکرد و بە باتۆم و چەک لێیانداون. ناسنامەی هەرسێیان پوریا خاوری ٣٤ ساڵان، هۆشەنگ مورادی ٣٠ ساڵان و محەمەد بۆ کۆڵبەرنیوز ڕاگەیەندرا.
پوریا خاوری، لەدایکبووی ١٣٦٩ بەهۆی سەختی برینەکانی و شکانی قەفەسەی سنگی گیانی لەدەستدا. تەرمی ناوبراو پاش ڕێگەیەکی درێژ لەلایەن ٢ پەنابەری دیکە بۆ خاکی بیلاڕووس گواسترایەوە و لەلایەن هێزەکانی پۆلیسی بیلاڕووس دۆزرایەوە. ٢ پەنابەری دیکە بە سەختی برینداربوون و پاش گواستنەوەیان بۆ نەخۆشخانە چارەسەرکران. تەرمی پوریا خاوری ئێستا لە مینسکە و لە بنەماڵەی ناوبراو داوای ٥ هەزار یۆرۆ کراوە بۆ گەڕاندنەوەی بۆ ئێران. هۆشەنگ مورادی، لەدایکبووی ١٣٧٣ و خەڵکی سائین قەڵا یەکێک لە پەنابەرانی بریندارە کە ئێستا لە تورکیە دەژی. محەمەد، پەنابەری ٢٢ ساڵان لەم ڕووداوەدا بووە بۆ ئێران گەڕێنرایەوە.