حەمید حسێن نەژاد حەیدەرانلو، لە زیندانی شاری ورمێ بە شێوەی نهێنییانە لە زیندانی ناوەندی شاری ورمێ لەسێدارەدرا.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز و بەپێی ڕاپۆرتی سەرچاوەکانی مافی مرۆڤ و میدیا فەرمییەکانی ڕژیمی تاوانباری ئیسلامی، سزای لەسێدارەدانی حەمید حسێن نەژاد حەیدەرانلو، زیندانیی سیاسی کورد، ئێوارەی دووشەمە ٢١ی ئەپریلی ٢٠٢٥ «یەکی گوڵانی ١٤٠٤» بە شێوەی نهێنییانە لە زیندانی ناوەندی شاری ورمێ جێبەجێکرا.
ئەم زیندانییە تەمەن ٣٩ ساڵە، خێزاندارە و باوکی سێ منداڵی بچووکە، پێشتر لە ٢٤ی خاکەلێوەی ١٤٠٢، لە ناوچەی سنووری چاڵدێران، لەگەڵ چەند هاوڵاتییەکی ئەفغانی لەلایەن هێزە سنوورییەکانی کۆماری ئیسلامی دەستبەسەر کرابوو. سەرەڕای دانانی بارمتە، بە دەستێوەردانی ڕاستەوخۆی وەزارەتی ئیتلاعات، ئەم بڕیارە هەڵوەشایەوە و ناوبراو بۆ گرتووخانەی ئەمنییەتی ئیتلاعات لە شاری ورمێ گواسترایەوە.
بەپێی ڕاپۆرتەکان، حەمید حسێن نەژاد لە ماوەی دەستبەسەریدا، بۆ ماوەی ١١ مانگ و ١٠ ڕۆژ لەژێر فشار و ئەشکەنجەی سەختی جەستەیی و دەروونیدا بووە و لەلایەن کەسێک بەناوی «ئاستیری» لێپرسینەوەی لەگەڵدا کراوە. شایانی باسە دانپێدانانەکانی ناوبراو لەژێر ئەشکەنجە و بەبێ خوێندنەوە ئیمزا کراوە و ئەم دانپێدانانە هۆکاری دەرچوونی سزای لەسێدارەدانی بووە.
لە پووشپەڕی ١٤٠٣، لقی یەکی دادگای شۆڕشی شاری ورمێ بە سەرۆکایەتی دادوەر نەجەف زادە، تەنیا لە دانیشتنێکی چەند خولەکی و بەبێ ئامادەبوونی پارێزەرەکەی، حەمید حسێن نەژاد بە تۆمەتی «بەغی» و ئەندامێتی لە پارتی کرێکارانی کوردستان «پەکەکە» بە لەسێدارەدان سزادا. دیوانی باڵای وڵات لە ٤ی خاکەلێوەی ١٤٠٤، ئەم بڕیارە بەبێ پێداچوونەوەی بەڵگەنامەکان بە بێتاوان پشتڕاستکرایەوە.
کەمپینی «نا بۆ لەسێدارەدان» ڕایگەیاندووە کە بەڵگەنامەی فەرمی وەکو پاسپۆرت و مۆری چوونە ژوورەوە و دەرچوون، نیشانی دەدات حەمید حسێن نەژاد لە کاتی پێکدادانەکەدا، لەگەڵ بنەماڵەکەی بە شێوەی یاسایی لە ڕێگەی سنووری بازرگان لە وڵات دەرچووە و لە خاکی وڵاتێکی سێیەم بووە. سەرەڕای ئەمەش، دەزگای یاسایی کۆماری ئیسلامی ئەم بەڵگەنامانەی پشتگوێ خستووە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، گواستنەوەی ناوبراو بۆ قەرەنتینەی زیندان لە ڕۆژی چوارشەمە ئەنجامدراوە و بەهۆی فشاری ناوەندە نێودەوڵەتییەکان، جێبەجێکردنی سزا بۆ ماوەیەک دواخرابوو. بەڵام لە کۆتاییدا، بەبێ ڕاگەیاندنی گشتی و لە دۆخێکی ناڕووندا، ئەم بڕیارەی لە ئێوارەی دووشەمە جێبەجێکرد.
بنەماڵەی حەمید حسێن حسێن نەژاد، لە کۆتا بینینی کورتدا، ناوبراویان لە دۆخێکدا بینیوە کە دەست و پێی بە زنجیر بەستراوە و لە دۆخێکی ناجێگیردا بووە و تەنیا ڕستەیەک کە چەندین جار دووبارەی کردبۆوە؛ «بێ تاوانم».
ئەم دۆسیەیە جارێکی دیکە نیگەرانییەکانی لەبارەی مافەکانی مرۆڤ، ئەشکەنجە لە گرتووخانەکان و شێوەی نادادپەروەردانەی دادگایی کردن لە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی دەرخستەوە. ناوەندەکانی بەرگری لە مافەکانی مرۆڤ داوای لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ و نێودەوڵەتی لەبارەی ئەم دۆسیەیە و ڕاگرتنی لەسێدارەدانەکان بەپێی دانپێدانانەکانی ژێر ئەشکەنجە دەکەن.