تاران؛ گیانبەختکردنی ڕەزا ڕیزوەندی، ئەندازیاری ٢٧ ساڵەی کورد لەلایەن هێزەکانی ڕژیم

«ڕەزا ڕیزوەندی»، ئەندازیاری ٢٧ ساڵەی کورد و خەڵکی کرماشان، یەکێکە لەو هاووڵاتیانەی کە لە کاتی نارەزایەتییە جەماوەرییەکانی تاران گیانی بەختکردووە، بەڵام چۆنیەتی گیانبەختکردنی ئەم هاوڵاتییە هێشتا بۆ خێزانەکەی ڕوون نەبووەتەوە. بنەماڵەکەی هێشتا نازانن کە ئایا ناوبراو لەسەر شەقام و لە کاتی نارەزایەتییەکاندا ڕاستەوخۆ تەقەی لێکراوە، یان پاش دەستبەسەرکران لە بەندیخانە کوژراوە. بەپێی زانیاریە بەردەستەکان، ناوبراو بە گوللە لە پشتی سەرییەوە کراوەتە ئامانج و ئەم بابەتە بووەتە هۆی گیان بەختکردنی.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، بنەماڵەی ڕەزا ڕیزوەندی پاش ڕۆژانێک بەدواداچون و گەڕان، لە کۆتاییدا لە ڕێکەوتی ٢٧ی بەفرانباری ١٤٠٤، توانیان کە تەرمی ناوبراو بدۆزنەوە و بیناسنەوە. تەرمی ئەم هاووڵاتییە کوردە پاش ناسینەوە بە ئەمبولانس بۆ کرماشان گواسترایەوە و هەر لە کرماشان بەخاکسپێردرا. یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی ڕیزوەندی لەم بارەیەوە دەڵێت: “هێشتا دیار نییە کە ڕەزا لە ڕۆژی هەینی ١٩ی بەفرانبار و هاوکات لەگەڵ نارەزایەتییەکاندا کوژراوە، یان پاش دەستبەسەرکران و چەند ڕۆژێک دواتر گیانی لەدەستداوە. هیچ دامەزراوەیەکی فەرمی وەڵامێکی ڕوونمان پێنادات و لە چەشنە بارودۆخێکدا، هیوایەکمان بە ڕوونبوونەوەی ڕاستیەکە نییە. چیرۆکی جیاواز باسدەکرێن، بەڵام ئەوەی بۆمان ڕوونە، تەقەکردنی گوللەیە لە پشتی سەرییەوە”.

بەپێی گوتەکانی نزیکانی ئەم بنەماڵەیە، ڕەزا ڕیزوەندی ئێوارەی هەینی ١٩ی بەفرانباری ١٤٠٤، لە ماڵەوە دەرچووە و لە دوایین پەیوەندییەکەیدا لەگەڵ یەکێک لە هاوڕێکانی گوتوویەتی کە لە ژێر چاودێری و لە هەڵاتندایە. پاش پچڕانی پەیوەندییەکە، خێزانەکەی بە سەردانی دادگاکان، زیندانەکان و دامەزراوە ئەمنییەکان بەدوای زانینی بارودۆخی ناوبراودا بوون، بەڵام هیچ وەڵامێکیان وەرنەگرتووە. لە کۆتاییدا تەرمەکەی لە ڕێکەوتی ٢٧ی بەفرانباری ١٤٠٤دا لە بەهەشتی زەهرا ناسراوەتەوە.

ڕەزا ڕیزوەندی لە ڕەچەڵەکدا خەڵکی کرماشان بووە و لە بواری ئەندازیاری کۆمپیوتەردا چالاکی هەبووە.​​​​​​​​​​​​​​​​

کۆڵبەرنیوز

Next Post

تاران؛ گیانبەختکردنی ساسان کیشوەری، گەنجی کوردی ئیسفەراینی لە نارەزایەتییەکانی تاران

د ژانویه 26 , 2026
«ساسان کیشوەری»، گەنجێکی ٢٢ ساڵەی کورد، خەڵکی ئیسفەراین و گەورەبووی تاران، یەکێکی تر لە گیانبەختکردووانی نارەزایەتییە جەماوەرییەکانە لە تاران. بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی هەینی ١٩ی بەفرانباری ١٤٠٤، ساسان کیشوەری، گەنجێکی ٢٢ ساڵەی کورد، خەڵکی ئیسفەراین و دانیشتووی تاران، لە کاتی نارەزایەتییە جەماوەرییەکان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتگەرەکانی کۆماری ئیسلامی لە […]

بابەتی پەیوەندیدار