«مەریەم باباخانی»، هاووڵاتییەکی خەڵکی کرماشان و دانیشتووی شاری ئیسفەهان، لەلایەن هێزەکانی ڕژیمەوە دەستبەسەرکراوە و تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەبارەی دۆخ و شوێنی ڕاگرتنی ناوبراو لەبەردەستدا نییە.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی پێنجشەممە ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤، مەریەم باباخانی بێ بوونی بڕیاری دادوەری لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و لە کاتی دەستبەسەرکرانییەوە، خێزانەکەی بە تەواوی لە چارەنووسی ناوبراو بێ ئاگان. لەگەڵ تێپەڕبوونی چەند هەفتەیەک، دەزگاکانی ئەمنی و دادگایی هیچ ڕوونکردنەوەی فەرمییان سەبارەت بە هۆکاری دەستبەسەرکران، شوێنی ڕاگرتن و تۆمەتە ئەگەرییەکان دژی ئەم هاووڵاتییە کوردە پێشکەش نەکردووە.
مەریەم باباخانی خوشکی «موسا باباخانی»یە؛ کە لە ساڵی ١٤٠٠ لەلایەن هێزەکانی سوپای پاسدارانەوە لە شاری هەولێر، پایتەختی هەرێمی کوردستان، تیرۆر کرا. دەستبەسەرداگرتنی ئەو لە کاتێکدا ڕوودەدات کە نیگەرانییەکان دەربارەی فشاری ئەمنی لەسەر خێزانەکانی چالاکانی سیاسی کورد هێشتا بەردەوامە.

