
سوهەیل عەرەبی، وێبلاگنووس، چالاکوانی سیاسی و زیندانیی سیاسیی پێشووی خەڵکی بیجاڕ و دانیشتووی تاران، لەلایەن دادگای شۆڕشی ئەم شارە سزای پێنج ساڵ زیندانیی تەعزیری و دوو ساڵ بێبەشکردن لە چالاکی لە تۆڕەکانی کۆمەڵایەتیی بەسەردا سەپێندرا.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی یەکشەممە ٢٥ی گەلاوێژی ١٤٠٥، لقی ٢٦ی دادگای شۆڕشی تاران بە سەرۆکایەتی قازی ئیمان ئەفشاری، سزادانی سوهەیل عەرەبی دەرکردووە و پێی ڕاگەیاندووە. دانیشتنی دادگاییکردنی تۆمەتەکانیشی ڕۆژی شەممە ١٩ی گەلاوێژ بەڕێوەچوو بوو.
لەسەر بنەمای سزاکەی، سوهەیل عەرەبی بە تۆمەتی «گردبوونەوە و پیلانگێڕی بە مەبەستی ئەنجامدانی تاوان دژی ئاسایشی وڵات» بە پێنج ساڵ زیندانی تەعزیری سزادراوە. هەروەها دادگا وەک سزای تەواوکاری، بۆ ماوەی دوو ساڵ لە «دەستپێکردن بە کار و پیشەی تایبەتی پەیوەندیدار بە تاوانەکە» لەوانەش چالاکی لە تۆڕەکانی کۆمەڵایەتیی بێبەشی کردووە.
سوهەیل عەرەبی ڕەشەمەی ساڵی ڕابردوو لەلایەن هێزەکانی ڕژێم لە تاران دەستبەسەر کرا و بۆ زیندانی قزلحەساری کەرەج گوازرایەوە. ناوبراو لە کاتی دەستبەسەرکردنیدا لە ژووری تاکەکەسی ڕاگیراوە و بەپێی ڕاپۆرتەکان، ئەشکەنجە و لێدانی توند دراوە. سەختیی برینەکانی بە ڕادەیەک بووە کە بۆ ماوەیەک بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی نەخۆشخانەیەکی دەرەوەی زیندان کراوە و دوای چارەسەری سەرەتایی دووبارە بۆ ژووری تاکەکەسی گەڕێنرایەوە.
سوهەیل عەرەبی پێشتریش لە ساڵی ۱۳۹۳، بەهۆی چالاکییەکانی لە بواری ڕاگەیاندندا سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا بوو. ئەم سزایە لە بەردەوامیدا و لەژێر گوشاری نێودەوڵەتی و دەزگاکانی مافی مرۆڤدا هەڵوەشێنرایەوە.

