تۆرنتۆ؛ بەڕێوەچوونی مەراسیمی یادکردنەوەی گیانبەختکردووانی هێرشەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر کوردستان

کۆمەڵێک لە کوردانی دانیشتووی تۆرنتۆ بە سازکردنی مەراسیمێک، یادی گیانبەختکردووانی هێرشە موشەکی و درۆنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانیان بۆ سەر کەمپی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ناوچە جیاجیاکانی باشووری کوردستان بەرز ڕاگرت.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی شەممە ٥ی گوڵانی ١٤٠٥، ئەم مەراسیمە بە دروشمی «خەونی ئەوان ئازادیی کوردستان بوو، ئێمە بۆ وەدیهێنانی ئەم خەونە تێدەکۆشین» لە «ناوەندی کۆمەڵایەتی کوردان» لە شاری تۆرنتۆ بەڕێوەچوو. لە میانی بەرنامەکەدا، ئامادەبووان وێڕای بەرزڕاگرتنی یادی زیاتر لە ٢٠ پێشمەرگە و چالاکوانی مەدەنی گیانبەختکردوو، هێرشەکانی کۆماری ئیسلامییان بۆ سەر کەمپی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات لە باشووری کوردستان، ژێرخانەکانی هەرێمی کوردستان و بە ئامانجگرتنی خەڵکی سڤیل بە توندی شەرمەزار کرد.

لەو مەراسیمەدا، «شەهریار جەمشیدی» بە پێشکەشکردنی چەند پارچە مۆسیقایەک بە سازی کەمانچە، ڕێزی لە یادی گیانبەختکردووان گرت. هەروەها شاندێکی کۆمەڵە (ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران) لە بەرنامەکەدا ئامادەبوون و هاوپشتی خۆیان بۆ بنەماڵەی گیانبەختکردووان و هێزە تێکۆشەرەکان ڕاگەیاند. لە بەشێکی مەراسیمەکەدا، «شاهین خەلیلی» بە نوێنەرایەتی ئەو حیزبە، ئاماژەی بە بەردەوامیی خەباتی گەلی کوردستان و ئێران کرد و جەختی لەوە کردەوە کە ڕێگای ڕزگاری لە دیکتاتۆریی کۆماری ئیسلامی لە ناو جەرگەی خەباتی جەماوەرییەوە تێدەپەڕێت.

هەروەها هاوسەرۆکی ناوەندی کۆمەڵایەتی کوردان و نوێنەرێکی بزووتنەوەی «ژنۆلۆژی» لە ئەورووپا، بە جەختکردنەوە لەسەر گرێدراویی چارەنووسی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان، بەهێزکردنی یەکێتیی نەتەوەییان وەک ڕێگایەک بۆ تێپەڕبوون لە دۆخی ئێستا وەسف کرد.

لە درێژەی بەرنامەکەدا، چەند ڤیدیۆیەکی گیانبەختکردووان بڵاوکرایەوە و دۆکیۆمێنتارییەک دەربارەی چۆنییەتی گیانبەختکردنی «غەزال مەولان» نمایش کرا. بەپێی ئەم دۆکیۆمێنتارییە، نەخۆشخانەی «بەخشین» و چەند ناوەندێکی تری دەرمانی لە شاری سلێمانی، لە وەرگرتنی ئەو هاوڵاتییە بریندارە خۆیان پاراستووە، کە ئەمەش کاریگەری هەبووە لە گیانبەختکردنیدا. هەروەها لە هاوپشتیی هاوڵاتیانی سلێمانی بۆ بەڕێوەبردنی مەراسیمێک بۆ غەزال مەولان، ڕێپێوانی خەڵکی کۆبانی بۆ پشتگیری لە خەباتی ڕۆژهەڵات و هەڵوێستی ناڕەزایەتیی هونەرمەند «ئەحمەد نەبەز» لەبەردەم نەخۆشخانەی بەخشین، ڕێز و پێزانین دەربڕدرا.

لە کۆتایی مەراسیمەکەدا، پەیامی ڕێکخراوی یەکڕیزیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ ئامادەبووان خوێندرایەوە.

کۆڵبەرنیوز

Next Post

شەڕ و لێکەوتەکانی بۆ چینی کرێکار

د آوریل 27 , 2026
لە  سەروبەندی نزیکبوونەوە لە یەکی ئایار، ڕۆژی جیهانیی کرێکار، چینی کرێکاری ئێران بە یەکێک لە دژوارترین قۆناغەکانی ژیانی خۆیدا تێپەڕ دەبێت، قۆناغێکی کە تێیدا شەڕ، وەک بارێکی قورس و وێرانکەر، نەک هەر لەسەر شانی کۆمەڵگە بەگشتی، بەڵکوو بە شێوەیەکی دیار و چەندبەرابەر لەسەر ژیان و بژێوی کرێکاران قورسایی دەکات. ئەمساڵ […]

بابەتی پەیوەندیدار