کورۆش عەزیزی و هێدی شادیخاه، دوو هاوڵاتیی خەڵکی شاری شنۆ، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئەو شارە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرانەوە. ژمارەی دەستبەسەرکراوانی ئەمدواییە لەم شارە بۆ ٣ کەس زیادی کردووە.

بە پێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە ٩ی بەفرانباری ساڵی ١٤٠٣، کورۆش عەزیزی، زیندانی سیاسی پێشووی خەڵکی شاری شنۆ، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراو بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە. به پێی ئەم ڕاپۆرتە، ناوبراو لە شوێنی کارەکەی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە و پاشان هێزە ئەمنییەکان بە مەبەستی گەڕان و پشکنینی ماڵەکەی، هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ئەم هاوڵاتییە.
بەگوێرەی هەواڵێکی دیکە، بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە، ڕێکەوتی ١٠ی بەفرانباری ساڵی ١٤٠٣ هێدی شادیخاه، هاوڵاتیی خەڵکی ئاوایی “سینگان”ی سەر بە شاری شنۆ، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.
هەر لەم پێوەندەدا کۆڵبەرنیوز پێشتر هەواڵی دەستبەسەرکردنی هاوڵاتییەکی دیکەی شاری شنۆی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بەناوی ڕەحمان تابێش، بڵاو کردبۆوە.
تا ساتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکار و شوێنی دەستبەسەرکران و ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی ئەم هاوڵاتیانە کراون لەبەردەستدا نییە.