لە ناڕەزایەتییە سەرتاسەریەکانی ئەم ڕۆژانەی دوایی لە ئێران، لانیکەم ١٧ هاووڵاتی لە شارە جۆراوجۆرەکانی ئێران و کوردستان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕژیم گیانیان بەختکردووە. ئەم هاووڵاتییانە لە پارێزگاکانی ئیلام، کرماشان، هەمەدان، لوڕستان، فارس، چوارمەحاڵ و بەختیاری و ئیسفەهان کوژراون و ناسنامەکانیان ئاشکرابووە.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، دوای هەفتەیەک لە دەستپێکردنی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکان لە ئێران، ناسنامەی ١٧ هاووڵاتی بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕژیم لە ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییەی شارەکانی مەلەکشاهی، هەمەدان، هەرسین، نورئاوا، کۆهدەشت، ئازنا، لوڕستان، فولادشار و مەرودەشت لە پارێزگاکانی ئیلام، کرماشان، هەمەدان، لوڕستان، فارس، چوارمەحاڵ و بەختیاری و ئیسفەهان کوژراون. ناسنامەکانیان ئاشکرا بووە. بەپێی زانیارییەکان، لە ١٧ هاووڵاتییە کوژراوە، لانیکەم ٩ هاووڵاتیی لوڕ و ٧ هاووڵاتی کورد بوون. هەروەها هاوڵاتییەکی فارسیش لە ناڕەزایەتیەکانی شاری هەمەدان گیانی لەدەستداوە.
ڕۆژی شەممە ١٣ی بەفرانباری ١٤٠٤، مێهدی ئیمامی پوور، هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی مەلەکشاهی لە پارێزگای ئیلام، لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی ئەو شارە لەلایەن هێزەکانی ڕژیم تەقەی ڕاستەوخۆی لێکرا و دوای گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانەی ئیمام خومەینیی ئەو شارە، بەهۆی سەختی برینەکانی گیانی لەدەستدا. هەر لەهەمان ڕۆژدا فارز ئاغامحەمەدی هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شاری مەلەکشاهی ئیلام بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕژیم کوژرا. هەروەها ڕەزا عەزیم زادە، هاووڵاتیی خەڵکی مەلەکشاهی، لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی ئەم شارەدا ڕاستەوخۆ لەلایەن هێزەکانی ڕژیم تەقەی لێکرا و گیانیلەدەستدا. محەممەد موقەدەسی ناسراو بە “بزونە”، هاووڵاتییەکی دیکەی کوردی خەڵکی شاری مەلەکشاهی ئیلام، لە درێژەی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی ئەم شارەدا بە تەقەی هێزەکانی ڕژیم کوژرا.
ڕۆژی هەینی ١٢ی بەفرانباری ١٤٠٤، ئەمیر حسێن بەیاتی، هاووڵاتیی خێزاندار و خەڵکی شاری هەمەدان، لە درێژەی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی ئەم شارە، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕژیم کوژرا. تەرمەکەی بۆ نەخۆشخانەی بەعسەت لە هەمەدان گواسترایەوە و ناوەندەکانی ڕژیم ڕەتیانکردووە تەرمەکە ڕادەستی بنەماڵەکەی بکەنەوە و فشارێکی زۆریان لەسەریان دروستکردووە. هەر لەم ڕۆژەدا عەلی عەزیزی جەعفەر ئاوایی، هاووڵاتییەکی کوردی تەمەن ٤٢ ساڵ خەڵکی گوندی جەعفەر ئاوا هەزارخانی و دانیشتووی شاری هەرسین لە پارێزگای کرماشان، لە درێژەی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی ئەم شارە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕژیم گیانیلەدەستدا. ناوبراو خێزاندار و باوک بوو.
ڕۆژی پێنجشەممە ١١ی بەفرانباری ١٤٠٤، مەنسوور موختاری، هاووڵاتیی لوڕ خەڵکی شاری مەرودەشت لە پارێزگای فارس، لە ناڕەزایەتی بەرامبەر کوشتنی خوداداد شیروانی، لە بەردەم بنکەی پۆلیسی ١١ی ئەم شارە، لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە تەقەی ڕاستەوخۆی لێکرا و کوژرا. بەگوتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، گوللەی کڵاشینکۆف بەر سکی کەوتووە. هەر لەهەمان ڕۆژدا، ئەحمەدڕەزا ئەمانی، هاووڵاتییەکی لوڕی تەمەن ٢٨ ساڵەی خەڵکی ئازنا لە پارێزگای لوڕستان، دەرچووی بەشی یاسا لە زانکۆی یەزد و فێرخوازی پارێزەری، لە درێژەی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی ئەم شارەدا لەلایەن هێزەکانی ڕژیم تەقەی ڕاستەوخۆی لێکرا و دوای گەیاندنی بۆ نەخۆشخانە بەهۆی خوێنبەربوونەوە گیانی لەدەستدا. ئەحەد ئیبراهیمپوور عەبدولی، هاوڵاتییەکی تەمەن ٣٥ ساڵ و خەڵکی گوندی حەسەن گاویار میرباگ لە پارێزگای دڵفان (نوورئاوا) لە پارێزگای لوڕستان، بە سێ تەقەی هێزەکانی ڕژیم لە گۆڕەپانی بێعسەت لەم شارە کوژرا. بەپێی وتەی شایەتحاڵەکان، لەکاتی هەوڵدان بۆ ڕزگارکردنی ژنێک کە دەستگیرکراوە، تەقەی لێکراوە و یەکێک لە فیشەکەکان بەر دڵی کەوتووە. هەروەها خوداداد شیروانی، هاووڵاتییەکی تەمەن ٣٣ ساڵەی لوڕ و باوکی دوو منداڵ و دانیشتووی شاری مەرودەشت لە پارێزگای فارس، لە درێژەی ناڕەزایەتییەکانی ئەم شارەدا بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕژیم گیانی لەدەستدا. هەروەها مستەفا فەلاحی، لاوێکی تەمەن ١٥ ساڵی لوڕ و دانیشتووی شاری ئەزنە، شایان ئەسەدوڵڵاهی، هاووڵاتییەکی تەمەن ٣٠ ساڵانی هاووڵاتی لوڕ خەڵکی ئازنا و وەهاب موسەوی، هاووڵاتییەکی لوڕ و خەڵکی ئەزنا، لە درێژەی ناڕەزایەتییەکانی ئێوارەی پێنجشەممەدا بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕژیم کوژران. هەروەها ئەحمەد جەلیل، هاووڵاتییەکی تەمەن ٢١ ساڵەی لوڕ و دانیشتووی شاری لۆردگان لە پارێزگای چوارمەحاڵ و بەختیاری، لە نێو خۆپیشاندەرانی ئەم شارەدا لەلایەن هێزەکانی ڕژیم تەقەی لێکرا و کوژرا.
هەروەها سەجاد واڵامنش، هاووڵاتییەکی تەمەن ٢٠ ساڵەی لوڕی بەختیاری و دانیشتووی شاری لۆردگان، لە درێژەی ناڕەزایەتییەکانی ئەم شارەدا بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕژیم کوژرا.
ڕۆژی چوارشەممە ١٠ی بەفرانباری ١٤٠٤، داریوش ئەنساری بەختیاروەند، هاووڵاتییەکی تەمەن ٢٨ ساڵانی لوڕ و خەڵکی شاری فولادشار، سەر بە پارێزگای ئیسفەهان، لە درێژەی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی ئەم شارە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕژیم گیانی لەدەستدا. بەگوتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، بە کڵاشینکۆف کراوەتە ئامانج و پێش گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە. هەروەها ئەمیر حسام خودایاریفەرد، هاووڵاتییەکی تەمەن ٢٢ ساڵەی خەڵکی شاری کودەشت لە پارێزگای لوڕستان، لە درێژەی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی ئەم شارە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕژیم کوژرا.
بە گوتەی شایەتحاڵان، فیشەکەکە لە مەودایەکی نزیکەوە بەر سەری کەوتووە و دوای گیانلەدەستدانی، ناوەندەکانی ڕژیم هەوڵیانداوە لە ڕێگەی گێڕانەوەی میدیاییەوە وەک “ئەندامی بەسیج” بیناسێنن.

