بەهۆی تەقەی هێزەکانی ڕژیم لە گوندی پیرعمران لە سەقز هاوڵاتییەک کوژرا و چوار هاوڵاتی دیکەش برینداربوون.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ئەمڕۆ دووشەممە ٢٤ خەرمانانی ١٤٠٤، بەهۆی پێکدادان و تەقەی هێزەکانی ڕژیم بە ئاڕاستەی گردبوونەوەی خەڵک لە ناڕەزایەتی دژی پرۆژەی کانە ئاڵتونی «قلقلە» لە گوندەکانی «پیرعمران، کرویان و قلقلە»ی سەربە شاری سەقز، هاوڵاتییەک بە ناوی «محەممەد ڕەشیدی» تەمەن ٢٢ ساڵ و خەڵکی گوندی «پیر عمران» کوژرا و چوار هاوڵاتی دیکە بە ناوەکانی «محەممەد ئەمین ڕەشیدی، ڕامیار ڕەشیدی، هێمن ڕەشیدی و عادل ڕەشیدی» بە سەختی برینداربوون.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، تەرمی محەممەد ڕەشیدی لە ساردخانەی نەخۆشخانەی «سەڵاحەدینی ئەیوبی»یە و هاوڵاتیانی برینداری دیکە بۆ ئەم نەخۆشخانەیە گواسترانەوە.
بە گوتەی سەرچاوەکانی ناوخۆیی لە ڕۆژانی ڕابردوودا چەندین جار لە نێوان خەڵکی ناوچەکەدا، چالاکانی ژینگەیی و جووتیارانی ناڕەزا دژی پرۆژەی کانە ئاڵتونی «قلقلە» و هێزەکانی ئەمنی حکومەت پێکدادان ڕوویداوە. لەم پێکدادانانەدا، هێزەکانی ڕژیم بە باتۆم و تەقەکردنی فراوان هەوڵیانداوە خەڵک بڵاوە پێبکەن، بەڵام خەڵک لە ناڕەزایەتی خۆی بەردەوام بووە.

